بەرپرسی بەشی پرۆتۆکۆڵ لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی بەشی پێشوازی لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە نزیک شارۆچکەی عوزێم لەسەر رێگەی بەغدا - کەرکووک گیانی لەدەستدا و بڕیارە سبەی تەرمەکەی لە شاری هەولێر بەخاک بسپێردرێت. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش دەڵێت: "ئەفسەرێکی دڵسۆز و لێهاتوو بوو."
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، لیوا خۆشەوی عەلی خورشید، بەرپرسی بەشی پێشوازی لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - بەغدا و بەدیاریکراوی لە نزیک شارۆچکەی عوزێمی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین گیانی لەدەستدا.
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسان و ئۆرگانەکانی یەکێتی پرسەنامەیان ئاڕاستەی کەسوکارەکەی کردووە.
 
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمیدا نووسیویەتی: "کاک خۆشەوی ئەفسەرێکی دڵسۆز و لێهاتوو بوو، نموونەی تێكۆشان و سەرڕاستی بوو لە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانیدا. لەدەستدانیشی مایەی دڵتەنگیی هەموومانە و لە خوای گەورە داواكارم بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت."