لە رۆژئاوای کوردستان چی روودەدات؟
رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لە پێنجەمین رۆژیدا بەردەوامن و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا لە رۆژی دووشەممەدا دوو منداڵ لە عەین عیسا گیانیان لەدەستدا و پێنج هاووڵاتی سڤیلیش لە دربێسی بریندار بوون.
دوای هێرشەکەی سەر ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرک و گیانلەدەستدانی 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا راگەیاند.
هێرشەکانی تورکیا، لە ئاسمان و زەوییەوە، چەند رۆژێکە دەستیان پێکردووەو لەئەنجامدا جگە لە زیانێکی زۆری مادی، دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
تۆپبارانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمشەو سوپای تورکیا گوندی دەردارەی سەر بە ناوچەی تلتەمر و گوندی خربە شەعالی سەر بە ناوچەی شەهبای تۆپباران کرد. ئێوارەی ئەمرۆش، تۆپخانەکانی تورکیا بە چڕی گوندەکانی خربە شەعیر و تەل وەرد لە باشووری شارۆچکەی زرگان و گوندەکانی دادا عەبدال، خردراوی و ئەسەدییەیان لە باکووری ئەو شارۆچکەیە تۆپباران کرد.
میدیای سەربە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش راگەیاند، تانکەکانی سوپای تورکیا ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، تۆپبارانی کۆگەیەکی گەنم لە ناوەندی شارۆچکەی عەین عیسا و کۆگەی ئاوی گوندی جدێیدا لە رۆژئاوای شارۆچکەکە کردووە.
هەر بە پێی میدیای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ گوندەکانی سەیدا، مالیکیە و چەندین خاڵی سەربازی لە نزیک رێگەی ئێم فۆر، هەروەها گوندەکانی سالۆکە، حوڕیە و قڕنوفول سەر بە شاری گرێ سپی لەلایەن سوپای تورکیا تۆپباران کران.
هەسەدە: دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و پێنج ژنیش بریندار بوون
رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2023، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "تورکیا لە تاوانەکانی لە دژی دانیشتوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، چەندین جۆری چەک بەکاردەهێنێت و خەڵکی سڤیل و کەسانی سەربازی و هەروەها ژێرخانی ناوچەکەش دەکاتە ئامانج."
بە پێی راگەیێندراوەکە، رۆژی دووشەممە لە هێرشێکی تورکیادا بۆ سەر ماڵی خەڵکی سڤیل لە شارۆچکەی عەین عیسا دوو منداڵی تەمەن 9 و 10 ساڵان گیانیان لەدەستداوە. هەسەدە دەڵێت، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، داگیرکەری تورکیا ماڵە مەدەنییەکانی شارۆچکەی عەین عیسا بە تۆپخانەی قورس کردە ئامانج و بەوهۆیەوە دوو منداڵ بە ناوەکانی عەلی ئەحمەد ئەلعەیاش تەمەن 9 ساڵ و نادیە موحسین ئەلعەیاش تەمەن 10 ساڵ گیانیان لەدەستدا."
هەسەدە هەروەها ئاماژە بە تۆپبارانکردنی گوندی ئەلبەشیریە لە دەوروبەری شارۆچکەی دربێسیی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا 5 هاووڵاتی ژن کە لە کێڵگەیەکی پەموودا سەرقاڵی کارکردن بوون، بریندار بوون.
بە پێی راگەیێندراوی هەسەدە بریندارەکان بریتین لە: رەکسە ساڵح فەواز، تەمەن 50 ساڵ، خەدیجە عیدان تەمر، تەمەن 40 ساڵ، فەرەح عەدنان، تەمەن 25 ساڵ، زینە حەموود، تەمەن 20 ساڵ و جومانە حەماد.
مەزڵووم عەبدی: 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون
شەوی رابردووش فڕۆکەکانی سوپای تورکیا ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە دەکەوێتە گوندی حەمزەبەگ لە ناوچەی کۆچەراتی سەر بە دێرکی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەربە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەبارەی ئەو هێڕشەوە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر گیانیان لەدەستداوە و 28 ئەندامیشیان بریندار بوون.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، لەبارەی هێرشەکەی سەر ئەکادیمیای "شەهید نەسرین"ی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس راگەیاند: "تورکیای داگیرکەر ئەکادیمیای ئاسایشی نێوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت."
مەزڵووم عەبدی گوتی، ئەکادیمیای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە تورکیا بۆردوومانی کردووە، رێکخراوێکی مەدەنیی ناحکومین و هاوکاری لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەردەگرێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هەروەها دەڵێت، "ئێمە بێباک نین لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشی دوژمنکارانەی تورکیا بۆ سەر خاک و گەلەکەمان، لە مافی رەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا کەڵک وەردەگرین."
دوای هێرشەکەی سەر ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرک و گیانلەدەستدانی 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، "بێجگە لە دامەزراوەکانی خزمەتگوازی ناچاری وەک شارەوانی، تەندروستی، سووتەمەنی و کۆمیتەکانی بارە نائاساییەکانی ئەنجوومەنەکان، هەموو دامودەزگەی دیکە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە داخراوەیی دەمێننەوە."
هەسەدە راپۆرتی رۆژی چوارەمی هێرشەکانی تورکیا بڵاو کردەوە
هێزەکانی سووریای دیموکراتیک - هەسەدە هەروەها راپۆرتی رۆژی چوارەمی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە. بە پێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، ئەو ناوچانەی لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج بەمشێوەیە بووە:
بەیانیی رۆژی دووشەممە سوپای تورکیا گوندەکانی شێخ عیسا، بێلوونێ، فڕۆکەخانەی منغ و عەین عیسای لە ناوچەی شەهبا تۆپباران کرد.
کاژێر 21:35ـی شەوی رابردوو، ناوەندی ناحیەی عەین عیسا و رێگەی نێودەوڵەتی ئێم فۆر بۆردوومانکران.
دوێنێش هەندێ ناوچە بۆردوومان کراون، لەوانە:
کاژێر 19:00، خاڵێکی سەربازیی سەر بە حکومەتی سووریا لە سنووری دێرک بۆردوومان کرا.
کاژێر 19:00، سنووری ناحیەی تلڕەفعەت بۆردوومان کرا.
کاژێر 18:00 گوندەکانی عەین دیوار و گەردەمییە لە دێرک بۆردوومان کران.
کاژێر 15:15 ناحیەی شەرا بۆردوومان کرا.
کاژێر 22:15، فڕۆکە جەنگییەکان کێڵگەی نەوتی وەکر و گوندی گرداهۆلیان لە تربەسپی بۆردوومان کرد.
کاژێر 22:21، دەوروبەری کۆبانێ بۆردوومان کرا.
کاژێر 22:30، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بە چڕی کێڵگەیەکی نەوتیان لە سنووری دێرک بۆردوومان کرد.
کاژێر 22:35، دەوروبەری ناحیەی تربەسپی تۆپباران کرا.
کاژێر 22:41، ناوەندی ناحیە زرکان و دەوروبەری بۆردوومان کران.
کاژێر 22:50، رۆژهەڵاتی ناحیەی عاموودا تۆپباران کرا.
کاژێر 23:00، ناحیەی تلڕەفعەت بۆردوومان کرا.
کاژێر 23:17، سنووری قەزای منبج بۆردوومان کرا.
کاژێر 23:41، گوندێکی سنووری ناحیەی تلتەمر بۆردوومان کرا.
کاژێر 23:51، سنووری ناحیەی تربەسپی بۆردوومان کرا.
کاژێر 23:55ـی شەوی رابردوو، بنکەی ئاسایشی گوندی کۆچەرات لە دێرک بۆردوومان کرا.
کاژێر 1:17ـی بەیانی، دەوروبەری شیراوا لە سنووری عەفرین تۆپباران کرا.
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کاژێر 22:00ـی شەوی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزە ئاسمانییەکانمان، شەش پێگە و دامەزراوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی لە باکووری سووریا بۆردوومان کرد. تەواوی ئامانجەکان پێکران و تێکشکێندران کە بنکەی چەکداری، جبەخانە، حەشارگە و دامەزراوەی نەوتی دەگرنەوە."
رۆژی یەکشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێزەکانی هەسەدە لە دوایین راگەیێندراویدا دەڵێت، "هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی یابیسە لە نزیک گرێ سپی و ناوچەکانی دەوروبەریدا بەهۆیەوە، شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران و حەوت سەربازی دیکەش برینداربوون."
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا وێستگەیەکی کارەبای تقل بقل لە ناوچەی دێرک و هەروەها پێگەکانیان لە دەشتەکانی عامودێ و تلرفعەت و شەهبا بۆردوومانکرد."
هەسەدە رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2023یش هێرشێکیان کردبووە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی دابق و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز کوژراون و 12 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
ئەم بۆردوومانەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوو گەریلای پەکەکە هێرشێکی خۆکوژییان کردە سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و دواتر سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانی چڕی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد.