پزیشکێکی پسپۆڕ: نەخۆشیی شەکرە لە کاتی دووگیانیدا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەدایکبوونی منداڵی ناکام

رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 2632 منداڵی ناکام لەدایکبوون، سەرۆکی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووکیش ئاماژە بە ئاماری یەک مانگی رابردوو دەکات و پێیوایە، رێژەکە بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان لە کەرکووک کەمترە. 
 
رۆژی چوارشەممە 09-11-2022، دکتۆر فائیزە خەتاب، سەرۆکی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات.
 
سەبارەت بە ئامارەکانی منداڵی ناکام لە کەرکووک، دکتۆر فائیزە خەتاب دەڵێت: "ئەگەر تەنیا باس لە ئاماری مانگی رابردوو، واتە مانگی 10 بکەین. تەنیا لە نەخۆشخانەی ئازادی نزیکەی 550 منداڵ لەدایکبوونە و لە بەشی منداڵی ناکام (خودەج) داخیلکراون، لەو ژمارەیە 15یان ناکام بوونە. بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان رێژەکە کەمترە." 
 
بە بڕوای دکتۆر فائیزە، رێژەی منداڵبوونی ناکام نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، "بەڵکو لە هەموو جیهاندا زۆربووە، ئەمەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە کە پزیشکی و نا پزیشکین." 
 
سەرۆکی بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک دەڵێت: "بەو منداڵانە دەگوترێت ناکام کە پێش 37 هەفتە لە دایک دەبن، چونکە منداڵێکی تەواو 40 هەفتەی پێویستە بۆ ئەوەی لە سکی دایکیدا گەشە بکات." 
 
بە گوتەی دکتۆر فائیزە، یەکێک لەو هۆکارانەی وادەکات منداڵ بە ناکامی لە دایک ببێت، "پەیوەندی بە دایکەکەوە هەیە، بۆ نموونە ئەگەر لە تەمەنێکی زۆر بچووک شوو بکات و منداڵی ببێت یانیش تەمەنی گەورەبێت و لە سەرووی 38 ساڵ بێت، ئەوا رێژەی ناکامی زیاتر دەکات." 
 
هۆکارێکی دیکە، بە گوتەی دکتۆر فائیزە، پەیوەندی بە کێشەی دروستبوونەکەیەوە هەیە، "ئەو کێشەیەش رەنگە پەیوەندی بە رەحمی دایکەکە یان خودی کۆرپەکەوە هەبێت، وەکو ئەوەی منداڵەکە دڵی کون بێت. هۆکارێکی دیکە تووشبوونی دایکەکەیە بە خوێنبەربوونێکی زۆر، لەوکاتەش تەنیا ترسەکە لەسەر منداڵەکە نییە. بەڵکو لەسەر هەردووکیانە، بۆیە بە نەشتەرگەری لە دایکبوونەکە دەکرێت و منداڵەکە بە ناکام لە دایک دەبێت." 
 
بە بڕوای ئەو پسپۆرەی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و لەدایکبوون یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی منداڵی ناکام پەیوەندی بە نەخۆشی شەکرەی دووگیانی هەیە و دەڵێت: "ئەو دایکەی سکی هەیە نەخۆشی شەکرەی هەبێت، بە تایبەت ئەوانەی لەکاتی دووگیانیدا تووشی شەکرە دەبن. ئێستا رێژەی قەڵەوی زیادیکردووە و جوڵانەوەش کەمتر بووە، زۆر گرنگە کاتێک دایکێک دووگیان بێت خواردنی تەندروست هەڵبژێرێت. بەڵام ئێستا دەبینین دایکەکان پەنا بۆ خواردنی خێرا دەبەن، لە ئەنجامدا کێشەی تەندروستی بۆ دایکەکە دروست دەبێت و ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، دکتۆریش بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر دایکەکە دوور بخاتەوە منداڵەکە بە نەشتەرگەری دەردەهێنێت، بەهۆی ئەوەی کۆرپەکە هێشتا بە تەواوەتی گەشەی نەکردووە و 37 هەفتەکەی خۆی تەواو نەکردووە، بە ناکامی لە دایک دەبێت." 
 
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 2 هەزار 632 منداڵی ناکام لەدایکبوون، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرە و کەمترینیش لە دهۆک. بەگوێرەی ئاماری فەرمی نەخۆشخانەی لە دایکبوونی هەولێر کە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا هەزار 889 منداڵی ناکام لە دایکبوون. 
 
هاوکات 304 منداڵ مردوون و بەشێکیان پێش لەدایکبوون لەباربراون؛ لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە هەولێر تەنیا 411 منداڵی ناکام لەدایکبوون.
 
لە سلێمانی 10 مانگی ئەمساڵ 873 منداڵی ناکام لەدایکبوون، ئەوەش لە لەدایکبوونی 8 هەزار و 624 منداڵدا.
 
لە پارێزگای دهۆک لە ماوەی 8 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا کۆی منداڵی ناکام 62 منداڵ بووە؛ بەڵام 139 منداڵیش مردوون واتە بە ناکامی لەدایکبوون و نەژیاون.
لە هەڵەبجە نزیکەی دوو مانگە هۆڵی تایبەت بە چاودێری و لەدایکبوونی منداڵانی ناکام کراوەتەوە.