حەمەی مهابادی کۆچی دوایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
خدر رەش ئەحمەدی، ئەکتەری دیاری خەڵکی مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە "حەمە" ناسراوە، کۆچی دوایی کرد.
ئەو هونەرمەندە دوای ساڵانێکی زۆر لە نەخۆشی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە مهاباد کۆچی دوایی کرد.
خدر رەش ئەحمەدی، لە ساڵی 2010ـەوە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە وەکو پێشتر توانای قسەکردن و جووڵەی نەمابوو.
حەمە یەکێک بوو لە ناسراوترین ئەکتەرە کۆمیدییەکان بە تایبەتی لە ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان. لە بەشێک لە فیلمەکانیدا بە ناوی حەمە رۆڵی گێڕاوە و بەو هۆیە زیاتر بەو ناوە دەناسرێت. لەنێو خەڵکیدا پێیان گوتووە، "حەمەی مهابادی".
خدر رەش ئەحمەدی ساڵی 1957 لە مهاباد لەدایکبووە. لە ساڵی 1976ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە. لە 125 فیلم، کورتەفیلم و شانۆدا بەشداری کردووە.
تاوەکو ئێستا کەسوکاری هونەرمەند خدر رەش ئەحمەدی، کات و شوێنی بەخاکسپاردنی ئەو هونەرمەندەیان رانەگەیاندووە.