محەممەد شیاع سوودانی گەیشتە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق کرد.
سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتەکە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتیش شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە کرد.
دەستپێکردنى ئەو گەشتەى سوودانى دواى رۆژێک بوو لە سەردانى ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بەغدا و میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى هیشام روکابی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە بڵاویکردەوە، "گەشتەکەى سوودانى لە ناوچەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقدایە بۆ راگرتنى ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین."
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە، 8ـی تشرینی دووەم، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رایگەیاند: "سەرۆکی حکومەت کاک مەسرور بارزانی دوو نامەی فەرمیی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە. لە نامەی یەکەمدا داوا لە سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات مووچەی ئەو سێ مانگەی ماوە لە کاتی خۆیدا بە قەرز یان هەر شێوەیەکی دیکە دابین بکات تاوەکو مووچەی مووچەخۆران فەراهەم بکرێت."
دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران، ئەمە سێیەم جارە محەممەد شیاع سوودانى سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.
پرسی سەرەکیی نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کە بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، پشکى هەرێمى کوردستانە لە یاساى بودجەى گشتى، کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنى کۆتایی لەبارەى ناردنى تەواوى پشکەکە کە بە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار دیاریکراوە بۆ ساڵێک.
لە مانگى ئەیلوولى رابردووەوە، دوو گوژمەى 700 ملیار دینارى لەلایەن هەرسێ بانکى بارزگانى عێراق، رەشید و رافیدەین بە قەرز رەوانەى هەرێمى کوردستان کراون و بڕیارە گوژمەیەکى دیکەش لە مانگى کانوونى یەکەمى داهاتوودا بنێردرێت.
یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە، خەرجکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستانە کە تاوەکو ئێستا بەغدا بەگوێرەى پێوەرەکانى وەزارەتى نەوت شایستەى دارایی ئەو کۆمپانیایانە دەدات کە کەمترە لەوەى کۆمپانیاکان داوای دەکەن.