نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140: هەزار خێزان سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبوو
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستووری عێراق ناوی هەزار خێزانی بڵاوکردووەتەوە و داوایان لێدەکات بەزووترین کات سەردانیان بکەن بۆ راستکردنەوە و تەواوکردنی زانیاری و مامەڵەکانیان بۆ ئەوەی چەکی قەرەبووکردنەوەیان بۆ بکرێت.
بەرپرسی نووسینگەکەش دەڵێت، "ئەمساڵ دوو هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە و 650 خێزانی ئاوارەی کورد قەرەبوو دەکرێنەوە".
رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەزار خێزان کرد کە ناویانی بڵاوکردووەتەوە سەردانیان بکەن بۆ راستکردنەوەی زانیارییەکان و تەواوکردنی ئەو کەموکورتییانەی لە مامەڵەکانیان هەیە بەمەبەستی پێدانی چەکی بانکی پێیان بۆ قەرەبووکردنەوەیان، سەرجەمی ئەو خێزانانەشی ناویان بڵاوکراوەتەوە عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراقن کە لە چوارچێوەی گۆڕینی دیمۆگرافیی کەرکووک لە سەردەمی رژێمی بەعس هێنراونەتە ناوچەکە.
لەبارەی بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو خێزانانەوە، رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی جارێک کۆمەڵێک ناوی خێزانەکان بڵاودەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەیان، ئەمڕۆ ناوی ژمارەیەک خێزانمان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بێن و سەردانی نووسینگەکەمان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دواتر قەرەبووکردنەوەیان".
گوتیشی، "تاوەکو ئێستا بەگشتی ناوی دوو هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە تۆمارکراون و ناوی 650 خێزانی ئاوارەی کوردیش تۆمارکراون بۆ ئەوەی ئەمساڵ قەرەبووبکرێنەوە".
دەستپێکردنەوەی قەرەبووی مادەی 140 لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بەرنامەی وەزاریی حکومەتی سوودانی کە رۆژی 27-10-2022 پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بڕە پارەیەک کە نزیکەی 100 ملیار دینار بوو بۆ مادەی 140 تەرخان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا دوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەکە پێکدەهێندرێتەوە کە لە ساڵی 2014وە پەکخراوە.
رۆژی 10ـی نیسانی ئەمساڵ، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو 100 ملیارە زۆر کەمە، چونکە ئێمە ئەمجارە بەنیازی بابەتێکی دیکەین لە مادەی 140، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە لەنێوان پێکهاتەکان رێککەوتووین لەسەر بابەتی قەرەبوو بۆ ئەوانەی کە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە".
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.