رووداو دیجیتاڵ
1.3 ملیۆن دەنگدەری تایبەت و زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە دەتوانن لە دەنگدانی تایبەت بەشدار بن کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد، دواى بەشداریکردن، کارتى دەنگدان لە دەنگدەرانى تایبەت وەردەگیرێتەوە.
دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام دەبێت. 809 بنکە بۆ دەنگدەرانی هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکەی دیکە بۆ دەنگدانی ئاوارەکان تەرخان کراوە کە لەگەڵ دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان دەنگ دەدەن.
یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەری تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن کە 6%ی تێکڕای ئەو کەسانەن دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی دەنگدەرانی تایبەت و ئاوارەکان دەنگ دەدەن، کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان لێ وەردەگیرێتەوە و پسوولەیەکیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن لە رێگەیەوە کارتەکانیان وەربگرنەوە."
زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە بەغدا بەشدار دەبن کە 317 هەزار و 314 دەنگدەرن. کەمترین دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای دیوانییە دەنگ دەدەن کە 20 هەزار و 236 دەنگدەرن.
276 هەزار و 613 کەس لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان 224 هەزار و 333 دەنگدەری تایبەتی خۆی هەیە کە لە خەڵکی چوار پارێزگاکەن.
حەسەن زایر رایگەیاند: "هەمان رۆژ جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات، بەڵام ئەنجامەکەی تێکەڵ بە ئەنجامی دەنگدانی گشتی دەکرێت."
بەگوێرەی ئامارى کۆمیسیۆن، 26 هەزار و 538 ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای نەینەوان کە 26 هەزار و 447 دەنگدەرن، ئەوانی دیکە خەڵکی کەرکووک و سەلاحەدین و ئەنبارن.
ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، 25 هەزار و 986یان لە دهۆک، 547یان لە هەولێر و پێنج دەنگدەریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەنگ دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ