ئاوی تانجەرۆ لە سلێمانی بەتەواوی پیسبووە و مەترسیدارە

رووداو - سلێمانی  

پاشەڕۆی کارگەکان و ئاوەڕۆی سلێمانی هەموو تایبەتمەندییەکی ئاوی لە چەمی تانجەرۆ سەندووەتەوە، ئێستا ئەم رووبارە وەرزییە تام و رەنگ و بۆنیشی گۆڕاوە و لە ئاوێکی شیرینەوە بووەتە ئاوێکی مەترسیدار.

کەفێکی سپی بەدرێژایی 80 کیلۆمەتری رێڕەوی ئاوەکە بەدیدەکرێت کە ماددە کانزاییەکانی پاشەڕۆی کارگەکان دروستیکردووە، هەموو ئەو زیندەوەرە ئاویانەشی لەنێوبردووە کە پێشتر تێیدا دەژیان.

شوان جاف، سەرۆکی رێکخراوی خاوێن بە رووداوی گوت: "ئەمە ئاو نییە، ئەمە ئاوەڕۆیەکی گەورەیە، باشترین بەڵگە ئەوەیە دەست لەو کەفە بدەیت چەورە و بۆنی کەرەستە پاککەرەوەکانی نێو ماڵی لێدێت کە بەڕاستی کارەساتە، ئەگەر لە ئێستاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاونەنێت ئەو بڕە ئاوەی بەدەستمانەوەیە بەڕاستی شیاو نییە بۆ ژیان، دواتر کولفەیەکی زۆرمان لەسەر دەکەوێت تاوەکو جارێکی دیکە پاکیدەکەینەوە و بەکاری دەهێنینەوە، ئەو سیاسەتەی کە دامانڕشتووە لە خەیاڵی سیاسی خۆماندا کە دوای نەوت ئاو بەکاربهێنین، ئەوا من بە سیاسییەکانی کورد دەڵێم ئاومان نییە".

چەمەکە پێشتر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەموو ئەوە گوندانە بوو کە دەکەونە سەر رێڕەوەکەی، ساڵانە بەرهەمێکی زۆری ماسیشی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا بۆ ئاودێری بەکاردێت.

حاجی رەحیم 18 ساڵە لەسەر چەمەکە خەریکی کشتوکاڵە و دەڵێت، پاشماوەی کارگەکان ئاوەکەی ئەوەندە پیسکردووە کە هاوینان لەبەر بۆنەکەی ناتوانن لێی نزیکببنەوە. دەشڵێت: "پێشتر ئاوەکەی پاک و جوان بوو و خواردباتەوە، چونکە ئاوەکەی پاک و روون بوو، بەڵام ئەم کارگانە ئاوەکەیان پیسکرد، ئێستا جگە لە پیسی بۆنیشی زۆر زۆرە".

ئەو سەوزەیەی لە دەشتی شارەزوور و ناوەندی سلێمانی رۆژانە خەڵک دەیخوات بەرهەمی ئەو باخانەیە کە بە ئاوی تانجەرۆ ئاودەدرێن، بەڵام پزیشکێکی پسپۆر هۆشداری دەدات خواردنی ئەو سەوزەیە لەبری سوود زیانی تەندروستی هەیە.

فەتاح هەورامی، پزیشکی پسپۆری خۆپاراستنی تەندروستی بە رووداوی گوت: "لە ماوەیەکی مەودا درێژدا مەترسی هەیە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەت بکات، لەماوەی کورت خایەنیشدا نەخۆشییە گوازراوەکانی لەشێوەی کۆلێرا و گرانەتا و هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی تووشی مرۆڤ دەکات".

ئاوی تانجەرۆ یەکێکە لە لقە پێکهێنەرەکانی دەریاچەی دەربەندیخان، بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە هەریەک ملیۆن دڵۆپ ئاو ئەگەر 500 دڵۆپی پیسبێت ئەوا ئاوەکە بۆ خواردنەوە ناشێت، ئەگەر بەو پێوەرەش بێت ئێستا مەترسییەکی گەورە لەسەر پیسبوونی دەریاچەی دەربەندیخان هەیە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح