ئەندامێکی تیمی یەکێتی لە حکومەت: پێمان نەگوتراوە یەکشەممە دەوام نەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەیەک لە پشکی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری نەداوە تیمەکەی لە حکومەت بکشێنێتەوە. لەلایەن قوباد تاڵەبانیشەوە پێیان رانەگەیێندراوە لە رۆژی یەکشەممەوە نەچنە سەر کار لە وەزارەت و دەستەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: "یەکێتی نیگەرانییەکی زۆری لە حکومەت و مامەڵەکردن لەگەڵ تیمەکەیان هەیە."
رۆژی هەینی 9-12-2022، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی كاروباری مین، کە پلەکەی وەزیرە و لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر داواکارییەک لەلایەن کاک قوباد تاڵەبانی یان یەکێتییەوە بۆ دەوامنەکردن و نەچوونە سەر کارەکانمان هەبێت هەموو تیمی یەکێتی لە حکومەت پێوەی پابەند دەبین، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نەدراوە و رۆژی یەکشەممە دەچینەوە دەوام و هەموو وەزیر و بریکارەکان و سەرۆکی دەستەکان وەکو رۆژانی ئاسایی دەوامی خۆمان دەکەین."
جەبار مستەفا ئەو دەنگۆیانەشی لەوبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە گوایە قوباد تاڵەبانی بە ئەندامانی تیمەکەی لە حکومەت راگەیاندووە لە رۆژی یەکشەممەوە دەوامکردن لە حکومەت هەڵپەسێرن بە "هەواڵی سۆشیاڵمیدیا" ناوهێنا و گوتی: "دوورن لە راستییەوە."
سەرەڕای ئەوەش دەڵێت، ئەوان وەکو یەكێتی "نیگەران"ن لە حکومەت: "شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی ناتەندروستە، بە نموونە یەکێتی کەسێکی بۆ پۆستی بریکاری وەزیری ناوخۆ بەربژێرکردووە، کەچی دوور لە عورفی ئیداری، وەزیر کە لە پشکی پارتییە ئەو کەسە خانەنشین دەکات، ئەمە ناکرێت."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جێگری سەرۆکوەزیران، پێنج وەزیر، وەزیرێکی هەرێم و دەستەکانی گەشتوگوزار، کاروباری مین و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەشداری کابینەی نۆیەمە:
- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە 26-10-2022ەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات.
- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ئێستا دەوام ناکات
- ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
- محەممەد سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان
- دارا رەشید، وەزیری پلاندانان
- بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
- خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان، ئێستا لە حکومەتی عێراق وەزیری دادە و پۆستەکەی پڕنەکراوەتەوە.
هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستان ژمارەیەک بریکاری وەزیریشی هەیە کە ئەمانەن:
- د. رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی
- عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
- حەکیم ولیا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
- ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
- لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا دەوام ناکات
سەرۆکی ئەو دەستە و دەزگایانەشی کە پشکی یەکێتین و پلەکانیان وەزیرە.
-ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار
- جەبار مستەفا ئەمین، سەرۆکی دەزگای کارووباری مین
- فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندینجار داوای گۆڕینی ژمارەیەک لە ئەندامانی تیمەکەی کردووە و دەڵێت، رێگری لە گۆڕینیان هەیە، جگە لەوەش لە رێگەی بەرپرسان و میدیای حیزبەکەیەوە نیگەرانییەکانیان لە حکومەت ناشارنەوە.
رۆژی 26-10-2022، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە؛ جگە لە وەزیرانی رۆشنبیری و پلاندان کە لە پشكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، تیمی ئەو حیزبە بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد. لەو کاتەوە تیمی یەکێتی بە پچڕی بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژی سێشەممە 15-11-2022 بڵاوکرایەوە، باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان و گوتی، "پۆستێک کاک قوباد دەیەوێت گۆڕانکاریی بکات، کابرا دەدۆزێتەوە مدیر عامە گەندەڵی کردووە ناتوانێت لایبدات، بریکاری وەزیرە دەمانەوێت لایبدەین دەڵێن، نابێت لایدەیت. وەزیرە دەیەوێت خانەنشین بێت، دەڵێت نابێت لایبدەیت."