مەروان گەڵاڵی: هیوادارین رێگری لەو دوو پەرلەمانتارە هەڵوێستی پارتی نەبێت
رووداو- هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، لە بازگەی پردێ لە رێگەی سەرەکی کەرکووک- هەولێر رێگری لە سۆران عومەر و عەلی حەمەساڵح کراوە کە بێنە هەولێر، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێریش دەڵێت: "ئاگادار نین و فەرمانی وایشمان دەرنەکردووە".
مەروان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی سێشەممە 10-1-2017 کاتێک پەرلەمانتاران سۆران عومەر و عەلی حەمەساڵح بۆ هەولێر دەچوون، لە بازگەی پردێ رێگرییان لێکراوە و نەیانهێشتووە بچنە هەولێر.
سەبارەت بە هۆکارەکەشی گەڵاڵی گوتی: "تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەوەی مۆبایلی هەردوو پەرلەمانتارەکە داخراون نەمتوانیوە هۆکارەکەی بزانم، هیوادارم رێگرییەکە شەخسی بێت و هەڵوێستی پارتی نەبێت، بەڵام بەبۆچوونی من بەهۆی ئاشکراکردنی ئەو هەموو گەندەڵییەوە بووە لەلایەن ئەو دوو پەرلەمانتارەوە".
تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئاگاداری گەڕاندنەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارە نین و هیچ فەرمانێکیشمان بۆ گەڕاندنەوەیان دەرنەکردووە، رەنگە هۆکارەکە لە ئەنجامی دروستبوونی دەنگەدەنگی نێوان پەرلەمانتارەکان و ئاسایشی بازگەکە بووبێت".
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان