ئەو کچە کوردە ئێزدییەی لە ئیجەدا خنکابوو تەرمەکەی دەهێندرێتەوە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی خاتوون موراد لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بگاتەوە باشووری کوردستان و دواتر بگەڕێندرێتەوە شنگال و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
یوسف موسا، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 10-1-2021، تەرمی خاتوون موراد لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بگاتەوە باشووری کوردستان سەرەتا رێوڕەسمێکی بچووکی لەنێو کەمپی دەرکار بۆ دەکرێت و پاشان دەگەڕێندرێتەوە شنگال و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
خاتوون موراد تەمەن 26 ساڵ لەگەڵ خوشک و برایەکیدا لە 11-12-2020 لە کامپی دەرکاری زاخۆوە بەرەو ئیستەنبووڵ رۆیشتوون. ویستوویانە بە رێگەی قاچاخ خۆیان بگەیەننە ئەڵمانیا، بەڵام لە دەریاچەی ئیجەدا یەختەکەیان نوقم دەبێت و ئەو دەخنکێت.
بە گوتەی کەسوکارەکەی کە لە کەمپی دەرکارن، خاتوون و براکەی ماوەی دوو ساڵ بوو لە رێگەی UNHCRـەوە لە هەوڵی ئەوەدابوون لەگەڵ دایک و باوکیان بچنە ئەڵمانیا، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنیان گونجاو نەبووە رێگەیان پێنەدراوە و دایک و باوک و خوشک و براکانی بەرەو ئەڵمانیا چووبوون.
پێش دۆزینەوەی تەرمی خاتوون، سیڤێ موراد، کە خوشکی خاتوونە گوتبووی: "خوشک و برایەکی دیکەم لەوێ (تورکیا) ماونەتەوە. دەمانەوێت ئەوان بهێننەوە بۆ لای دایکم. دەمانەوێت لاشەی خوشکەکەمان بۆ بێننەوە."
هاوکات خێرى قائید، مامی خاتوون رایگەیاندبوو کەو ئەو خاتوون و خوشک و براکەی گەیاندبووە: "فڕۆکەخانەی هەولێر. دوای ئەوەی چوونە تورکیا، ویستیان بە قاچاخ خۆیان بگەیەننە یۆنان. ئیتر دوای ئەوە هەواڵمان لێیان نەبوو."