وردەکاریی کەمپەینی لێکردنەوەی پێوەری ئاو و کێشەی نێوان هاونیشتمانییان و حکومەت

رووداو دیجیتاڵ 

لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هاونیشتمانییان پێوەری ئاویان لێکردەوە و ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. هاونیشتمانییەک دەڵێت، بارگرانییەکی زۆری لای خەڵک دروستکردووە و نرخی بەرزە و دادپەروەری تێدا نییە. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "هەرکەسێک پێوەری ئاو لێبکاتەوە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت." 
 
بەرنامەی بەرپرساری ئەمڕۆ دووشەممە 10-1-2022 تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات لەبارەی ئەو ناڕەزایێتییانە بوو کە هاونیشتمانییان لە پێوەری ئاو هەیانە. بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان  و هاونیشتمانییەک و پارێزەرێک ئامادەی بەرنامەکە بوون.
 
ماوەی چەند رۆژێکە لە هەرێمی کوردستان کەمپەینی لێکردنەوەی پێوەری ئاو راگەیێنراوە و کەمپەینەکەش لە گەرمیان دەستیپێکردووە. لە سەرەتای بەرنامەکەی بەرپرسیار هاونیشتمانییەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەوەتەی پێوەری ئاوم بەستووە زۆر زۆر زیاترم بۆ دێتەوە لە جاران." 
 
لە کۆی 117 ملیار دینار خەرجی دابینکردنی ئاو، 42 ملیار دینار کۆکراوەتەوە. هەروەها 67%ی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی کوردستان پێوەریان بۆ نەبەستراوە. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت " هەرکەسێک پێوەری ئاو لێبکاتەوە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت."
 
هاونیشتمانییەک: ماڵ هەیە 800 بۆ 900 هەزاری بۆ هاتووەتەوە
 
ئومێد عەلی، ئەندامی لێکردنەوەی پێوەری ئاو لە کاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " پەیامی من لە لێکردنەوەی پێوەری ئاو بۆ ئەوەبوو کە دەنگی خۆم بگەیێنمە حکومەت، چونکە حکومەت بە نیازبوو خزمەتی هاووڵاتی بکات، بەڵام ئەو کۆمپانیایەی پێوەرەکەی بەستووە خەڵکی رووتاندووەتەوە، چونکە خزمەتگوزارییەکەی وەکخۆی بە ئێمە ناگات و کارەکە بووەتە بازرگانیکردن لەسەر هەژاران."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت "کوالیتی ئەو ئامێرە خراپە، ماڵ هەیە زۆری خوێندووەتەوە و ماڵیش هەیە هیچی نەخوێندووەتەوە. هەرچەندە من یەکەم کەس بوو پێوەرەکەم بەست، بەڵام بەداخەوە ئەوە وەک خۆی دەرنەچوو . ماڵ هەیە لە رۆژێکدا 1 کاژێر ئاوی هەیە، بەڵام لە 3 بۆ 4 مانگدا 800 بۆ 900 هەزار دینار ئاوی بۆ هاتووەتەوە." 
 
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان: نزیکەی 7 هەزار پێوەری ئاو بەستراوە
 
 نەوزاد حەمید، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " 21 هەزار هاوبەشی ئاومان هەیە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جگە لە کەلار، نزیکەی 7 هەزار پێوەری ئاو بەستراوە، ئەمەش کەمترین ژمارەیە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە."
 
سەبارەت بە قسەی هاونیشتمانییان لەبارەی گلەیی لە پێوەری ئاو دەڵێت "هەموو ئامێرێک لە هەزار دانە چەند دانەیەکی کێشەی تێدا دەبێت، پێوەرەکان ئەگەر دەگاتە هەرێمی کوردستان سەیرکراوە، رەنگە چەند پێوەرێک کێشەی هەبێت بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە هەمووی کێشەی هەبێت."

 

 
هەرێم رەفعەت، پارێزەر لە هەولێر سکاڵای لەسەر حکومەت تۆمارکردووە و دەڵێت "ئێمە داوایەکمان داوەتە داواکاری گشتی لەسەر داوای هاونیشتمانییان، هەر پێوەرێکیش داخڵی سیستەم نەکرابێت مانگانە 80 هەزار دینار سزای دارایی دراوە ئەمەش هەڵەی کۆمپانیایە کە خەڵکی ئاگادارنەکردووەتەوە. بە هیچ هاوبەشێکیش نەگوتراوە کە دەبێت لە سیستەم داخڵی بکەی."
 
 بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان دەڵێت " ئەگەر بێت و ئەمە روویدابێت و 80 هەزار دینار لە هاووڵاتی وەرگیرابێت، ئەوا پێویستە بەرگریی لە مافی ئەو هاووڵاتییە بکرێت . رەنگە چەند حاڵەتێکی وا روویدابێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبووڵ ناکەین، هەروەها تاوەکو ئێستا ئەو گلەییە لە ئێمە نەکراوە کە ئەو کێشەیە هەبێت." 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نەوزاد حەمید ئاماژە بەوەش دەدات " ئێمە هانی خەڵک دەدەین کە پێوەر ببەستن، ئەگەر بێت و هاووڵاتیان پێوەر ببەستن ئەو کێشانەیان تووش نابێت و پارەی زۆریان بۆ نایەتەوە."
 
پارێزەر هەرێم باس لەوەش دەکات کە لێکتێنەگەیشتنێک هەیە " پێویستە کۆمپانیا خۆی پێوەری ئاو بۆ خەڵک ببەستێت، ئێستاش نازانم ئەو سزای ئیشتراکە چییە کە کۆمپانیا دایناوە. ئێمە یاداشتمان داوەتە داواکاری گشتی و لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامەکەی ئاشکرادەکرێت."
 
پێشتر بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رووداوی راگەیاند کە "لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 257 هەزار کەس پێوەری ئاویان بەستووە، هەندێک هاوبەشی ئاومان هەن، پارەی پێش بەستنی پێوەرەکەش قەرزدارن و نەیانداوە، بۆیە پارەیەکی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە، چونکە 01-09-2018 پارەی ئاو لە رێگەی پێوەرەوە ئەژمار کراوە، ئەوەی پێش ئەو بەروارە پارەی نەدابێت کە 5000 دینار بۆ خانووی 100 مەتری دیاریکرابوو، بۆ خانووی 200 مەتریش 10 هەزار بووە بۆ مانگێک، ئەو پارەیە قەرزە و دەبێت بیداتەوە بە حکومەت، هەروەها هەندێک کەسیش هەن تەوافەی تانکییەکانیان نەبەستووە، ئەمانە بێگومان پارەیەکی زۆریان بۆ دێتەوە، چونکە ئاوێکی زۆر لە تانکییەکانیان بەفیڕۆ دەڕوات."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئەگەر بێت و هاونیشتمانییەک رۆژانە 10 بەرمیل ئاو بەکاربهێنێت، مانگانە 19 هەزار و 750 دیناری بۆ دێتەوە. هەروەها هیچ هاووڵاتییەک 45 هەزار دینار زیاتری لێوەرناگیرێت.