وەزارەتی ناوخۆ 'گرێبەستی ئەلیکترۆنی'ی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی هەموارکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە هەرێمی کوردستان هەموارکردەوە. بەپێی هەموارە نوێیەکە ماوەی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل لە فرۆشیارەوە بۆ کڕیار بە دوو مانگ دیاریکراوە، هیچ گرێبەستێکیش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ بۆ لەمەودوا کاری پێناکرێت، جگە لەو گرێبەستە نەبێت.
بەپێی نووسراوی ژمارە 825ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 10-1-2022 بە واژۆی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرچووێنراوە، رێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2021ی تایبەت بەرێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هەموارکراوەتەوە.
بەپێی هەموارە نوێیەکە ئەو گرێبەستانەی پێش 2-1-2022 کراون، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ کاریان پێدەکرێت و پەسند دەکرێن، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی نەبوونی گرێبەستی ئەلیکترۆنی سزای دواکەوتنیان کەوتووەتە سەر، لەو سزایانەی لە رۆژی 2-1-2022 تاوەکو 15-3-2022 لەسەریان هەیە دەبەخشرێن.
هەروەها بهگوێرهی ههموارهكه پێویسته كۆمپانیا و پێشانگهكانی ئۆتۆمبێل تاوەکو 15ی ئاداری ساڵی 2022 خۆیان تۆمار بكهن، بەپێی رێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2021.
لە هەموارە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوەدراوە، ئهو كۆمپانیا و پێشانگایانهی ئۆتۆمبێل، کە كێشهی باج یان خاوهندارێتی یان كێشهی گرێبهستیان ههیە كۆدیان پێدهدرێت و پێویسته تاوەکو رۆژی 31ی 12ی 2022 ئهو كێشانه لهگهڵ لایهنی پهیوهندیدار له حكومهت چارهسهر بكهن.
فازل حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی هەمواری رێنماییەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر شتی تێدا گۆڕاوە".
سەبارەت بەو بڕە پاریەیەی بۆ گرێبەستی ئەلیکترۆنی وەردەگیرێت، گوتی: "لەم رێنماییە هیچ بڕە پارەیەک دیارینەکراوە بۆ ئەوەی لەکاتی کڕین و فرۆشتن وەربگیرێت، ئەوە پەیوەندیی بە پێشانگە و کۆمپانیاکانەوە هەیە. هەیانە 25 هەزار دینار وەردەگرێت، هەشە 100 دۆلار وەردەگرێت، لە رێنمایی پێشتریش هەروا بووە".
رێنمایی تۆماکردنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی کە سەرەتای ساڵی 2022 چووە بواری جێبەجێکردنەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و بەشێک لە خاوەن پێشانگە و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتن ناڕەزایەتیی خۆیان لەو بارەیەوە دەربڕی و دواتر وەزیری ناوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە و رێنماییەکان هەموارکران.