بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی: 15 هەزار سکاڵا تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئاشکرای کرد، لە 11 مانگی ساڵی 2022دا نزیکەی 15 هەزار سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان تۆمار کراون و دەشڵێت: "زیاترین جۆری تووندوتیژی، لێدان بووە".
رۆژی سێشەممە 10-01-2023 فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان میوانی بوولتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات و، رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان پیاوان بە رێژەیەکی زیاتر تووندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن، لە هەمان کاتدا ژنانیش تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان دەکەن و تووندوتیژیی ژنان بەرامبەر ژنانیش لە کوردستان هەیە."
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە 11 مانگی ساڵی 2022دا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 14 هەزار و 945 سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان تۆمار کراون، کە لەنێویاندا لێدان لەناو خێزاندا لە هەموو جۆرەکانی دیکەی تووندوتیژی زیاترە و دواتر شەڕکردنی نێو خێزان بە پلەی دووهەم دێت."
لەبارەی شێوازی کۆکردنەوەی ئامار، فێنک شەفیق ئاماژەی بەوە دا، "چوار رێگە بۆ وەرگرتنی ئامارمان هەیە، کە بریتین لە هێڵی گەرمی 119، سەنتەری راوێژکاریی خێزان، بەشی ئاشتەوایی و تیمی مۆبایل."
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان باسی زیادبوونی هەڕەشەی دیجیتاڵی بەرامبەر ژنان کرد و رایگەیاند، "ئێستا زیاترین هەڕەشە لە ژنان لە رێگەی ئەلیکترۆنییە کە وێنەیان دەبردرێت و دواتر لە رێگەیەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت."
فێنک شەفیق جەختی لەوە کردەوە، "کاتێک ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێدەکرێت، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 119وە دەکەن و داوایان لێدەکرێت بێن و سکاڵا تۆمار بکەن، رێژەیەکی کەمیان ئامادەن سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ نموونە لە 3000 پەیوەندی لەم شێوەیە 299 کەسیان هاتوون سکاڵایان تۆمار کردووە."
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە ماوەی 10 مانگی ساڵی 2022دا 3291 تووندوتیژیی خێزانی بە هەموو جۆرەکانیەوە تۆمار کراون، لەوانەش 63 ژن کوژراون یان خۆیان کوشتووە، 80 ئافرەت هەڵخەڵەتێندراون، 68 ژن ناپاکیی هاوژینییان بەرامبەر کراوە، 31 ژن هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە، هەروەها 67 ژن لێیاندراوە.
سەبارەت بە ئاماری کوشتنی ژنان لە ساڵی رابردوودا، فێنک شەفیق ئەوەی خستەڕوو، "بۆ ئاماری خۆکوشتن پشت بە ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس دەبەستین. وابزانم 44 ژن کوژراون، بەڵام ئەوەش دەبێت لەلای ئەوان پشتڕاست بکرێتەوە."