بەفر رێگەی هەزاران گوندی لە باکووری کوردستان داخستووە


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگاکانی وان، بەدلیس، مووش و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، بەهۆی بەفر بارینەوە رێگەی هەزار و 11 گوند داخران.
 
ئەمڕۆ شەممە، شەپۆلێکی بەفر و باران زۆرینەی شارەکانی باکووری کوردستانی گرتەوە. بەفری زۆر باریوە و هاونیشتمانییان رووبەڕووی سەختیی زۆر بوونەتەوە.
 
گەورەشارەوانیی وان رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە رێگەی 405 گوند داخراوە. تیمەکانی شارەوانی بۆ راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان لە هەوڵی بەردەوامن.
 
لە ناوەندی شاری وان و شارۆچکەکانی دەوروبەریدا شەختەیەکی زۆر لەسەر شەقامەکان دروستبووە و هۆشداری لەمبارەیەوە دراوە.
 
جۆلەمێرگ
 
لە پارێزگای جۆلەمێرگ بەهۆی داخرانی رێگەکانەوە هاونیشتمانیان لە هاتووچۆدا رووبەڕووی گرفت بوونەتەوە.
 
ئیدارەی تایبەتیی جۆلەمێرگ رایگەیاند، لە ناوەند و شارۆچکەکاندا بەهۆی بەفرەوە رێگەی 353 گوند داخراوە و تیمەکانی راماڵینی بەفر لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکانن.
 
لەسەر رێگەی جۆلەمێرگ - وان و رێگەی جۆلەمێرگ - چەلێ بەفر هەرەسی هێناوە و کارکردن بۆ کردنەوەی رێگەکان بەردەوامە.
 
مووش
 
شێخموس یەنتور، سکرتێری گشتیی ئیدارەی تایبەتی مووش رایگەیاند، لە پارێزگاکەدا بەفربارین بەردەوامە و رێگەی 142 گوند داخراون. یەنتور دەڵێت، بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان تووشی گرفت نەبن، تیمەکانیان لە کارەکانیان بەردەوامن.
 
بەدلیس
 
لە پارێزگای بەدلیس بەفرێکی زۆر باریوە و رێگەی 111 گوند داخراون. 
 
ئومیت کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رێگەوبان و گواستنەوە لە ئیدارەی تایبەتی بەدلیس رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە بەهۆی بەفرەوە رێگەی 111 گوند داخراون و تیمەکان لە راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان بەردەوامن.