شاندێکی هەرێمی کوردستان بەرەوە کوێت بەڕێکەوت
رووداو - هەولێر
شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو کوێت بەڕێکەوت.
دەرباز کۆسرەت رەسول، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و هەریەک لە: د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک لە ئەندامانی شاندەکەن.
دەرباز کۆسرەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سێ ساڵ زیاترە عێراق کار لەسەر کۆنفرانسەکە دەکات، بڕیاربوو سەرەتا کۆنفرانسەکە لە هەولێر بەڕێوەبجێت، بەڵام لەبەر هۆکاری سیاسی و بارودۆخی ئەمنی نەتوانرا کۆنفرانسەکە لێرە بکرێت".
بە ئاماژەکردن بەوەی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە تێکشاندنی داعش، هاوکات بووە شوێنی داڵدەدانی ملیۆنان هاووڵاتی و سەرەڕای بڕینی بودجە لە بەغداوە توانی خزمەتیان بکات، دەرباز کۆسرەت گوتی: " هەرێمی کوردستان توانیویەتی سەرمایەگوزاری بیانی بۆ خۆی رابکێشێت، ئێستاش دەتوانن وەبەرهێنان بکەین، ئومێدەوارین لە داهاتوودا زیاتر روو لە کوردستان بکەن".
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا: ئایا متمانە هەیە پشکی هەرێمی کوردستان لەو هاوکاریی و قەرزانە بدرێت کە پێشەشی عێراق دەکرێن؟ دەرباز کۆسرەت گوتی: "ئومێد دەکەین حکومەتی عێراق قەرەبووی گیانفیدایی گەلی کوردستان بداتەوە. بەدڵنیاییشەوە ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە دۆخێکی ئارامە و هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن".
كۆنگرەی نێودەوڵەتیی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە رۆژی 12ی شوبات دەستپێدەکات و سێ رۆژ بەردەوامدەبێت. لەکۆی 212 پڕۆژە بۆ وەبەرهێنان 80 پڕۆژە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراون.
عێراق سێ تەوەرەی لە کۆنگرەکە دیاریکردوون. موزەفەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، تەوەرەکان بریتین لە:
یەکەم: تایبەتە بە ناوچە رزگارکراو و وێرانبووەکان، عێراق 100 ملیار دۆلاری دیاریکردووە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەیان لە ساڵانی داهاتوودا لە رێگەی بەخشین و قەرز.
دووەم: پەیوەندی بە هاندانی وەبەرهێنانەوە هەیە و 160 بۆ 250 پرۆژەی وەبەرهێنانی ستراتیژی لەخۆدەگرێت.
سێیەم: دووبارە سەقامگیری، کارێکە پێویستە پەلەی تێیدا بکرێت، چونکە ئەو ناوچانەی ئازادکراون بەکەڵکی نیشتەجێبوون نایەن و، پپارەی تەواو پێویستە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ژیان تێیاندا.