سێیەمین فێستیڤاڵی خلیسکانەی سەر بەفر لە چیای کۆڕەک دەستپێدەکات

رووداو-سۆران

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی سێیەمین فێستیڤاڵی خلیسکانەی سەر بەفر، ئەمڕۆ دووەمین دیداری کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش لە چیای کۆڕەک بەڕێوەدەچێت.

بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە چیای کۆڕەک رایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە 10-2-2019 دووەمین دیداری کۆمپانیا گەشتیارییەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە چیای کۆڕەک بەڕێوەدەچێت، کە ژمارەیان 30 کۆمپانیایە.

پەیامنێری رووداو دەڵێ، بڕیارە لە دیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ئەمنی و کارگێڕی قەزاکانی رواندز و سۆران بەشداریی بکەن. 

پەیامنێری رووداو دەشڵێ، بڕیارە دیدارەکە لە کاژێر 10:00 دەستپێبکات و بۆ ماوەی دوو کاژێر بەردەوام بێت، کە ئامانج لێی گۆڕینەوەی بیروڕا و خستنەڕووی گیروگرفتەکانی بەردەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان و ئەو گلەیی و گازاندانەی بەڕێوەبەرانی شوێنە گەشتیارییەکانە کە لە گەشتیاران هەیانە، بۆ ئەوەی لێکحاڵیبوونێک دروست ببێت.

پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە کاژێر 3:00 سێیەمین فێستیڤاڵی خلیسکانەی سەر بەفر لە چیای کۆڕەک بە بەشداری ژمارەیەک لە یاریزانانی بیانی و نێوخۆیی بەڕێوەبچێت.

جیا لە یاری خلیسکانەی سەر بەفر و سکی، بڕیارە چەند چالاکییەکی دیکە ئەمڕۆ لە چیای کۆڕەک بەڕێوەبچێت، لەوانە نمایشی پەرەگلایدەر و چەند بڕگەیەکی هونەری بە ئامادەبوونی چەند هونەرمەندێک.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان