رۆژی شەممە دەوام لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە دوای سێ رۆژ پشوو، دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن بڕیاریداوە دەوامی ئەو قوتابخانانەی دوو دەوامن کاژێرێک کەمبکاتەوە و دەوام لەبری کاژێر هەشت، کاژێر نۆ دەستپێدەکات.
دوای سێ رۆژ پشووی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی شەشی شوبات دوای بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان رایگەیاند، بڕیارە رۆژی شەممە، 11-2-2023، دەوامی فەرمی لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستپێبکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن دەستکاریی دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی کردووە. ئەسعەد جافر، بەڕێوەبەری پەروەردەکە بەوەکالەت رۆژی هەینی، 10-2-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی کاتی بەیانیان زۆر ساردە و هەموو شوێنێکی دەیبەستێت و بەفرێکی زۆر هەیە، بڕیارمانداوە خشتەی دەوامکردنی قوتابخانەکان بە راوێژ لەگەڵ پەروەردەی گشتیی سلێمانی بگۆڕین، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ژیانی قوتابییان و مامۆستایان."
سەبارەت بە چۆنێتیی دەوامی ناوەندەکانی قەزاکەوە کە یەکێکە لە ساردترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە پلەی گەرما بۆ خوار سفری پلەی سیلیزی دادەبەزێت، ئەسعەد جافر گوتی: "سبەینێ رۆژی شەممە، 11-2-2023 دەوامی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە. دەوامی بەیانیان کاژێر نۆ دەستپێدەکات تاوەکو 12؛ دەوامی دوانیوەڕۆیش کاژێر یەک دەستپێدەکات و کاژێر چوار کۆتایی دێت، بەڵام ئەو قوتابخانە و خوێندنگەیانەی کە یەک دەوامن و هەموو رۆژێک دەوامیان کاژێر نۆ دەستپێدەکات، دەوام بەپێی خشتەی دیاریکراوی خۆیان بەردەوام دەبن و دەوام وەکو خۆی دەمێنێتەوە بۆ ئەوان."
رۆژی شەشی شوبات، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و پشتبەستن بە راپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بۆ ماوەی سێ رۆژ (7، 8، 9ـی شوباتی 2023) لە هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پشووی فەرمی دەبێت.
شەشی شوباتی 2023، بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان روویدا و 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە و کاریگەری گەورەیشی لەسەر بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو.