نووسینگەی مەسرور بارزانی: هەندێک ماڵپەڕ و پەیجی سۆشیال میدیا لێدوانی سەرۆکی حکومەتیان بەلاڕێدا بردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "هەندێک ماڵپەر و پەیجی ناوخۆی سۆشیال میدیا، بە بڵاوکردنەوەی هەندێک لێدوان و لێکدانەوەی نەگونجاو و دوور لە راستییەکانی کایەی سیاسی و ئەمنیی دەڤەرەکە، هەوڵیان داوە بۆچوون و لێدوانەکانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەل کەناڵی (NBC) بە لاڕێدا ببەن".
 
دەشڵێت، "سەرۆکی حکومەت پێداگریی لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە گرتنەبەری هەموو رێکارێک بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە سەر هەرێمی کوردستان".
 
ئەوەش هاتووە، "خۆدزینەوە و خۆگێلکردن بەرامبەر بە ناحەزان، هیچ لە مەترسی و هەڕەشەکان کەم ناکاتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن بەرامبەر بە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان".
 
ئەو روونکردنەوەیەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڤپەیڤینێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی. لێرەوە دەتوانن زانیاری لەبارەی هەڤپەیڤینەکەوە بزانن.