چیرۆکی ئەو مامۆستا کوردەی لە سوێد کوژرا؛ دەیویست بگەڕێتەوە و قوتابخانەیەک بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

عەزیزە حەمەدئەمین، مامۆستای بیرکاری تەمەن 68 ساڵ، یەکێک بوو لە 10 قوربانیی هێرشە چەکدارییەکەی رۆژی 4ی ئەم مانگە لە قوتابخانەیەکی شاری ئۆرێبرۆی سوێد.
 
عەزیزە، کە خەڵکی شەقڵاوە بوو، لە ساڵی 1991 لەگەڵ دایک و باوک و حەوت خوشک و براکەی کۆچیان کردە سوێد. لەوێ بووە مامۆستای بیرکاری و ژیانی تەرخان کرد بۆ فێرکردن و هاوسەرگیریی نەکردبوو. 
 
شەهرزاد عەلی، ئامۆزای مامۆستا عەزیزە دەڵێت: "رووخۆش بوو و وەک منداڵی یەکەمی بنەماڵە، هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد. بۆ خوشک و براکانی وەک دایک وابوو." هەروەها دەڵێت ئەو رۆژەی کە کوژرا، دەوامی نەبووە و بۆ یارمەتیدان چووە قوتابخانەکە.
 
شوان عەلی، ئامۆزایەکی دیکەیەتی و دەڵێت: "کەناڵێکی هەبوو بەناوی پووشبەڕ، تێیدا وانەی کوردی دەگوتەوە. زۆر حەزی لێبوو خزمەتی کوردستان بکات."
 
کەناڵەکەی مامۆستا عەزیزە لە یوتیووب کە تایبەتە بە وانەی بیرکاری، 124 هەزار سەبسکرایبەری هەیە و هاونیشتمانییان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و دیاسپۆراش بۆ فێرکردنی منداڵەکانیان تەماشای دەکەن. 
 
بەپێی پلانەکانی، مامۆستا عەزیزە دەبوو لە مانگی حەوتی ئەم ساڵ خانەنشین ببێت و گەڵاڵەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی لە شەقڵاوە هەبوو. بەڵام نەیتوانی ئەم خەونەی بێنێتە دی.
 
بەهۆی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانەوە، پۆلیسی سوێد هێشتا تەرمی مامۆستا عەزیزە و نۆ قوربانییەکەی دیکەی، کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و بۆسنین، رادەستی کەسوکاریان نەکردووەتەوە.