وەزارەتی دارایی: چاوەڕێی گەیشتنی پارەین بۆ دابەشکردنی مووچە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی دەڵێت، چاوەڕێی گەیشتنی پارەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
رۆژی سێشەممە، 10-02-2026 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم رێکارە ئیداری و ژمێریارییەکان لە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەواو کراون و "چاوەڕێی گەیشتنی تەمویلەکەین بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین."
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی 05-02-2026، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی یەکی بۆ بەغدا نارد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە بەغدا پارەکە بنێرێت و وەزارەتی دارایی لیستی مووچە بڵاوبکاتەوە.
مانگێک و 10 رۆژ بەسەر ساڵی نوێدا تێپەڕیوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە.
دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 دابەشکرا، کە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بوو.