د. عەلی قەرەداخی: دژی فیکری هەسەدە، حیزبی کۆمۆنیست، بەعسی سۆشیالیست و هاوشێوەکانیانم
رووداو دیجیتاڵ
د. عەلی قەرەداخی دەڵێت، دژی فیکری هەسەدە، حیزبی کۆمۆنیست، بەعسی سۆشیالیست و هاوشێوەکانیانە.
د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، 10-2-2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نووسیویەتی، "هەڵوێستی من بەرامبەر ئەو پارتانەی خاوەن ئایدیۆلۆژیای عەلمانیی تووندن، وەک هەسەدە، حیزبی کۆمۆنیست، بەعسی سۆشیالیست و هاوشێوەکانیان، هەڵوێستێکی بنەمایی و فیکرییە؛ کە سەرچاوەی لە ناکۆکیی بنەما عەقیدی و فەلسەفییەکانی ئەوانەوە گرتووە لەگەڵ مەرجەعیەتی ئیسلامیی مندا. من لەگەڵیان نیم، بەڵکو دژی ئایدیۆلۆژیاکانیانم کە لەگەڵ ئاییندا بەریەککەوتنیان هەیە، یان پەراوێزی دەخەن، یان دژایەتی دەکەن. بەڵام ئەم ناکۆکییە عەقیدی یان فیکرییە، لای من هەرگیز نابێتە هۆی ستەمکردن لە کەس، و پاساو نییە بۆ دەستدرێژی، و ڕقێکی کوێرانەش بەرهەم ناهێنێت".
لە سەروبەندی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر رۆژاڤای کوردستان، عەلی قەرەداخی بەوە تۆمەتبار دەکرا کە بۆچی وەکو کوردێک پشتیوانی لە هێزەکانی پاراستنی ناوچە کوردییەکان ناکات.
دەقی راگەیێندراوەکەی د. عەلی قەرەداخی:
پرسیارێکیان لێ کردم کە هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد رۆژێک ئاراستەم بکرێت: ئایا تۆ لەگەڵ گەلی کوردیت؟ ئایا تۆ لەگەڵ "هەسەدە"ی؟ ئەمە دوو پرسیار بوون کە پێویستم بە وەڵامدانەوەیان نەبوو، ئەگەر هەندێک کەشی تەمومژاوی و هەندێک هەوڵی فیتنە و بوختان نەبووایە، کە وایان لێ کردم روونکردنەوەیەک بدەم بۆ بڕینی رێگە لە دەنگۆکان و دانانی شتەکان لە شوێنی راستی خۆیان.
بە روونی و بێ تەمومژ دەڵێم: من موسڵمانم، کوڕی ئەم ئایینەم، وەلائیم بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی و ئیماندارانە، ئینتیمای یەکەم و کۆتاییم بۆ ئیسلامە، لە سەرەتای تەمەنمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بێ هیچ دوو فاقییەک و بێ هیچ پلەبەندییەک لە بەهاکانمدا. لەژێر سێبەری ئەم ئینتیما باڵایەدا، هەموو ئینتیما نەتەوەیی، نیشتمانی و مرۆییەکانی دیکە دێن، تاوەکو ئەو کاتەی پابەندی بنەما بڕاوەکانی ئیسلام بن و لەگەڵ بنەڕەتەکانیدا پێچەوانە نەبن و دژی مەبەستە گەورەکانی نەبن. لە فەزڵی خودای گەورەیە کە فیکرم بە هیچ عەقیدەیەکی فاسد و ئایدیۆلۆژیای هیچ پارتێکی عەلمانی پیس نەکردووە.
لەسەر بنەمای ئەم پێوەرە، هەڵوێستم بەرامبەر پارتە خاوەن ئایدیۆلۆژیا عەلمانییە تووندەکان، وەک هەسەدە، حیزبی کۆمۆنیست، بەعسی سۆشیالیست و هاوشێوەکانیان، هەڵوێستێکی بنەمایی و فیکرییە، کە سەرچاوەی لە ناکۆکیی بنەما عەقیدی و فەلسەفییەکانی ئەوانەوە گرتووە لەگەڵ مەرجەعیەتی ئیسلامیی مندا. من لەگەڵیان نیم، بەڵکو دژی ئایدیۆلۆژیاکانیانم کە لەگەڵ ئاییندا دەیکەن بە شەڕ، یان پەراوێزی دەخەن، یان دژایەتی دەکەن. بەڵام ئەم ناكۆکییە عەقیدی یان فیکرییە، لای من هەرگیز نابێتە هۆی ستەمکردن لە کەس، و پاساو نییە بۆ دەستدرێژی، و رقێکی کوێرانەش بەرهەم ناهێنێت.
من تەواوی تەمەنم دژی ستەم وەستاومەتەوە، ستەمکار هەرکەسێک بێت، و لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤدا بووم، خاوەن ئینتیماکە هەرکەسێک بێت. ژیاننامەم پێش قسەکانم شایەدی دەدەن: هەڵوێستم بەرامبەر فەلەستین ناسراوە، وەستانم لەگەڵ مافی گەلی سووریا بۆ رزگاربوون لە میراتی ستەمکاری جێگیرە، رەتکردنەوەی کودەتای حوسییەکان لە یەمەن روون بوو، و پشتیوانیم بۆ چەوساوەکان لە کشمیر، رۆهینگا، و تورکستانی رۆژهەڵات نە وەرزی بووە و نە تەنها قسە.
بەبێ دوودڵیش دەڵێم: زیاتر لە 40 ساڵە لەگەڵ گەلی کورد وەستاوم، لە رووی فریاگوزاری، پەروەردە، گەشەپێدان، بەرگریکردن لە مافەکان و رەتکردنەوەی پەراوێزخستن و ستەم. پشتگیریم بۆ گەلی کورد هەرگیز مەرجدار نەبووە بە حیزبێک، و نەبەستراوەتەوە بە ئاڵایەکی ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵکو لایەنگری بووە بۆ مرۆڤ، بۆ حەق و بۆ دادپەروەری، و بە پاڵنەری ئیمان و بەپێی ئایەتەکانی قورئان بووە.
موسڵمان بەدوای دەنگۆدا ناکەوێت و هەڵوێستەکانی لەسەر هاندانی ئەم و ئەو بونیاد نانێت، و ناکۆکییەکەی لەگەڵ لایەنێک ناکاتە بیانوو بۆ چەواشەکاری و شێواندن. ناکۆکییەکەی بە پێوەرێکی شەرعی و ئەخلاقیی ورد رێکخراوە: بیرۆکەی لادەر رەت دەکاتەوە و دژایەتی ئایدیۆلۆژیا دەکات کاتێک لەگەڵ ئاییندا دەیکات بە شەڕ، بەڵام حوکمەکە بەسەر هەموو خەڵکدا گشتگیر ناکات، و نکۆڵی لە مافی گەلان ناکات و دەستبەرداری یارمەتیدانی مەزڵووم نابێت لە هەر شوێنێک بێت.
ئەمەیە بنەماکە و ئەمەیە هەڵوێستەکە، هەرکەسێکیش شتێکی دیکەی دەوێت، با دژایەتی ئایین بکات نەک خاوەنەکەی.