لە وان 14 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان 14 کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران، سێ کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، لە رۆژانی نێوان 2-9 ـی ئاداری 2025 تیمەکانی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی وانن، چەند ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و 14کەسیان بەتۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکرد.
 
دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی ئەو 14 کەسە رەوانەی دادگە کراون و دادگەش بە تۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ سێ کەسیان دەرکردووە و 11 کەسەکەی دیکەش بەمەرجی دادوەری ئازاد کراون. 
 
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتیی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام چوونی کۆچبەری ئەفغانستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەردەکرێن.
 
بە گوێرەی داتاکانی فەرماندەیی جەندرمە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیایە، لە دوو هەفتەی کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵ لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیادا، یەک هەزار و 668 کۆچبەری نایاسایی و 82 قاچاخچی دەستبەسەرکراون. 
 
بە بڕیاری دادگە 52 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران خراونەتە زیندانەوە و 30 کەسەکەی دیکەش بە مەرجی دادی ئازادکراون.