محەممەد بن زاید بۆ نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەبین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆنسووڵخانەی ئیماراتی لە هەولێر کرد و داوای لە بەغدا کرد ئەنجامدەرانی سزا بدات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (10-3-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات ئەنجامدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا نێچیرڤان بارزانی بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە شەوی رابردوو لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە کرایە سەر هەولێر و تێیدا کۆنسووڵخانەی ئیمارات بەئامانج گیرا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات و هەنگاوی جدی بنێت بۆ رێگریکردن لەو گرووپانە و دەستگیرکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە."
 
لەلایەن خۆیەوە، شێخ محەممەد بن زاید سوپاسی پەیوەندی و هەڵوێستەکەی نێچیرڤان بارزانیی کرد و جەختی لە "بەردەوامیی پشتگیریی دەوڵەتی ئیمارات بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق" کردەوە.