درۆنێک لە کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر کەوتە خوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەمێک لەمەوبەر لە کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر درۆنێک کەوتە خوارەوە، دوای ئەوەی لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان تێکشکێندرا.
 
درۆنەکە دوای کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر بانی ماڵی هاونیشتمانییەکی کۆمەڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
نورهات هەرکی، دانیشتووی گوندی سێبیران بە رووداوی راگەیاند، درۆنەکە لەلایەن سیستەمی بەرگریی هێزەکانی ئەمریکا بەرپەرچ درایەوە و کەوتە سەر بانی ماڵێک لە نێو کۆمەڵگەی سێبیران، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
 
ئەو هاونیشتمانییە راشیگەیاند، هەر دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
 
کۆمەڵگەی سێبیران دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەی هەولێر، زۆربەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانیش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەکە. نورهات هەرکی دەڵێت، "بەردەوام درۆن و پارچەی درۆن و مووشەک لە دەروبەرمان دەکەوێتە خوارەوە، بۆیە ژیانمان لە مەترسیدایە."