"موسا قەناس شەهید بووەو لە کۆبانێ بەخاک سپێردراوە"
رووداو - هەولێر
"لەیادم نییە فیشەکم بە هەدەر چووبێت، لەگەڵ هەر فیشەکێکم چەکدارێکی داعشم کوشتووە، کاتێک دەچوومە سەر تەرمەکان دەمزانی کامەیان فیشەکی من پێکاویەتی". ئەوە گوتەی یەکێک لە ناسراوترین شەڕڤانەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG لە رۆژئاوای کوردستانە، کە بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان ورمێی لە رۆژهەڵاتی کوردستان جێهێشت و بە بنەماڵەوە روویکردە کۆبانێ.
ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی جیاواز لەنێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە شەهیدبوونی شەڕڤان هەردەم موسا هەیە.
لالەشین عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی ماڵباتی شەهیدانی کانتۆنی کۆبانێ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "شەڕڤان هەردەم موسا شەوی 7 لەسەر 8ی مانگ بەشداری ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی کردووە لە دژی چەکدارانی گرووپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە بەرەکانی شەڕی کۆبانێ، بەداخەوە لەو هێرشەدا فیشەکێک بەر مل و دڵی دەکەوێت و دوای چەند کاژێر لە نەخۆشخانەی کۆبانێ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید دەبێت".
پێشتر ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل هەواڵی کوژرانی موسای رەتکردبووەوە، بەڵام رۆژی رابردوو تەرمی ئەو شەڕڤانە لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆبانێ بەخاک سپێردراوە.
هەردەم موسای تەمەن 25 ساڵان،کە لە ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بە "هەڤاڵ موسا قەناس" ناسراوە، خەڵکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو لە سەرەتای هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر کۆبانێ وەک قەناس بەدەستێک شەڕی لەگەڵ چەکدارانی داعش کردووە و چۆنێتی شەڕکردن و ئەو وتەیەی کە "بەدەگمەن گولـلەیەکی بەفیڕۆ چووە" بووەتە باس و خواستی بەشێک لە میدیا جیهانییەکان.
لالەشین عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە رادەستکردنەوەی تەرمی شەهید هەردەم موسا بە بنەماڵەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت " بەداخەوە تورکیا تەنیا رێگە بە رادەستکردنەوەی ئەو شەهیدانە دەدات کە لە روانگەی خۆیەوە هاووڵاتی تورکیان، ئەو بەشە لە شەهیدەکانمان کە هاونیشتمانی کانتۆنەکانی عەفرین و جزیرە یا بەشەکانی دیکەی کوردستانن هەر لە کۆبانی بەخاک دەسپێردرێن، چونکە دەوڵەتی تورکیا مۆڵەتی رادەستکردنەوەیانمان پێنادات" .
ئەو ئەندامەی دەستەی ماڵباتی شەهیدانی کانتۆنی کۆبانێ سەبارەت بە مەراسیمی بە خاکسپاردنی هەردەم موسا گوتی: "بە بەشداری سەدان کەس رۆژی 9ی مانگ لە مەراسیمێکی سەربازی بەشکۆدا لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆبانێ بە خاک سپێردراوە".
لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی داعش بۆسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت شەڕی کۆبانێ، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە و خۆبەخشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چوونەتە ریزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان و بەشێکیشیان لەو شەڕانەدا شەهید بوون.