دادگەیەکی تورکیا: دەستەواژەی 'بژی کوردستان' ئازادیی رادەربڕینە
رووداو دیجیتاڵ
دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی خارپێت لە باکووری کوردستان، بڕیاری بێتاوانی ئەو ئەکادیمیستە کوردەی خارپێتی دا، کە بەهۆی ئەوەی گوتبووی "بژی کوردستان" داوای پێنج ساڵ زیندانیکردنی کرابوو.
رۆژی شەممە 9ی نیسانی 2022، دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی خارپێت لەبارەی ئەو سکاڵایە کۆبووەوەوە، کە لەلایەن داواکاری گشتیی خارپێتەوە لەسەر حیفزوڵڵا کوتوم، مامۆستای زانکۆی فورات تۆمارکرابوو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆر"، داوای پێنج ساڵ زیندانیکردنی کرابوو.
دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی خارپێت بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا بەوەی، ئەو پۆستانەی حیفزوڵڵا کوتوم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە "تاوان" نین، هەروەها لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندا شرۆڤە بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی "بژی کوردستان" دەکەن. بەڵام داواکاری گشتیی بڕیارەکەی دادگەی رەتکردەوە.
ئەو ئەکادیمیستە کوردەی خارپێتی باکووری کوردستان، لەسەر بەکارهێنانی چەند دەستەواژەیەکی وەکو "شۆڕشی ئەیلوول لە تەواوی کوردان پیرۆزبێت و بژی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رۆژی هەینی 5ی تشرینی دووەمی 2021 لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆی فورات لە کارەکەی دوورخرایەوە، ئاڵای تورکیا بەسەر دەرگای ژوورەکەدا هەڵواسرا و هەمان رۆژیش دەستبەسەرکرا.
پرۆسەی دادگەییکردنی حیفزوڵڵا کوتوم، شەوی شەممە 6ی تشرینی دووەم لە دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی خارپێت بەڕێوەچوو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراو" سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
دوای ئەوەی پارێزەرەکانی تانەیان لە بڕیاری زیندانکردنی دا، رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2021 بە بڕیاری دادگە، حیفزوڵڵا کوتوم ئازادکرا.
دوای ئازادکردنی، داواکاری گشتیی خارپێت جارێکی دیکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆر" سکاڵای لەسەر حیفزوڵڵا کوتوم تۆمارکرد و داوای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەکات.