پسپۆڕێکی ھزری ئیسلامی: دەکرێت بە زمانی کوردی بانگ بدرێت
رووداو دیجیتاڵ
د. قادر قشوری، پسپۆری ھزری ئیسلامی پێی وایە دەکرێت نوێژ و بانگدان و پەرستشەکانی دیکە بە زمانی کوردی بێت دەشڵێت، زمانی عەرەبی و هەموو زمانەکانی دیکە لە یەک ئاستدان و هیچ زمانێک پیرۆزتر نییە لە زمانێکی دیکە.
د. قادر قشوری لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو، گوتی: زۆربەی زانایانی ئیسلام پێیان وایە دەبێت بە زمانی عەربی نوێژبکرێت، بەڵام هیچ کێشەیەکی تێدا نییە ئەگەر بە زمانی کوردیش بێت یان هەر زمانێکی دیکە. دەشڵێت، ئیمامی ئەبو حەنیفە گوتوویەتی کە نوێژکردن باشترە بە زمانی عەرەبی بێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە عەرەبی نەزانێت و نەتوانێت بە عەرەبی نوێژ بخوێنێت دەتوانێت بە زمانی دایکی نوێژ بکات.
د. قادر قشوری دەشڵێت، بێجگە لە نوێژ کە زانایانی ئیسلامی رایان وایە باشترە بە زمانی کوردی بێت، هەموو پەرستشەکانی دیکە وەک بانگدان و تەلقین کردنی مردوو و دەکرێت بە زمانی کوردی بێت.
د. قادر قشوری، پسپۆری ھزری ئیسلامی، لەبارەی پیرۆزبوونی زمانی عەرەبییەوە دەڵێت، تاکە خاڵی پێشەنگی (ئیمتیازی) زمانی عەرەبی ئەوەیە خودا قورئانی پیرۆزی بە زمانی عەرەبی بۆ پەیامبەری ئیسلام ناردووە، ئەویش لەبەر ئەوە بووە عەرەبەکان زمانی دیکەیان نەزانیوە، دەنا هیچ زمانێک لەلای خودا لە زمانێکی دیکە پیرۆزتر نییە.