هاتووچۆی هەولێر: رۆژانە پشکنین بۆ 250 ئۆتۆمبێلی 'مەلیکە' دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، پشکنینی ئۆتۆمبێلی "مەلیکە" بەردەوامە و رۆژانە پشکنین بۆ نزیکەی 250 ئۆتۆمبێل دەکەن. گوتیشی: "پشکنینەکە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت."
عەقید فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە لە کاژێر 8:00ی بەیانییەوە دەست بە پشکنینی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێت و تاوەکو شەو بەردەوام دەبێت، رۆژی پێنجشەممەش پشکنینەکە تاوەکو 10:30ی خولەکی شەو درێژەی کێشاوە.
ئەوە دووەمجارە هاتووچۆی هەرێمی کوردستان پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراوی جۆری تۆیۆتا کڕاون دەکات، کە لە هەرێمی کوردستان بە "مەلیکە" ناسراون.
عەقید فازڵ حاجی گوتی: "رۆژانە پشکنین بۆ نزیکەی 250 ئۆتۆمبێل دەکەین. هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانە یەکەمجاریانە پشکنینیان بۆ دەکرێت."
رۆژی 29ـی ئاداری 2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان داوای لەو کەسانە کرد، کە ئۆتۆمبێلی "مەلیکە"یان هەیە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ پشکنینیان بۆ کراوە، سەردانی سکانەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بکەن بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانیان.