شەپۆلێکی باران و تەرزە رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی شوانکارەی سەر بە شاری روانسەری پارێزگای کرماشان، رۆژی رابردوو تەرزەیەکی هێندە بەهێز باری، دەگوترێت، "جامی ئۆتۆمبێلی شکاندووە."
 
ئەو شەپۆلە بارانبارین و تەرزەیە دوێنێ لە یەکەم رۆژی جەژندا بەشێک لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. 
 
لە سەلاسی باوەجان کە شارێکی دیکەی پارێزگای کرماشانە، شەپۆلێکی تەرزە و هەورێکی رەش ناوچەکەی گرتەوە، لە ماوەیەکی کەمدا تەرزە شەقامەکانی سپیی پۆش کرد. 
 
ئەو شەپۆلە باران و تەرزەیە لە هەندێ ناوچە زیانی بە کشتوکاڵ و زەویی کشتوکاڵی جووتیاران گەیاندووە، بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، تەنیا لە شاری سەرپێڵ زەهاو 100 هێکتار باخ زیانی بەرکەوتووە. 
 
سەدروڵڵا بابولی، قایمقامی سەرپێڵ زەهاو دەڵێت، پسپۆڕانی کشتوکاڵ لە هەوڵدان قەبارەی زیانەکان دەستنیشان بکەن و "ئەو جووتیارانەی بەرهەمی کشتوکاڵ و باخەکانیان بیمە کردووە، قەرەبوو دەکرێنەوە."
 
ئەو تەرزەیە زیانی بە ئەو درەختانەش گەیاندووە کە گوڵیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی ئەو زیانانە دیاری نەکراون. 
 
رۆژی سێشەممە، 09-04-2024 لە گوندێکی ناوچەی گواور لە پارێزگای کرماشان بەهۆی بارانی زۆرەوە بەشێک لە شوێنی حەوانەوەی مەڕوماڵات رووخا و نزیکەی  30 سەر مردار بوونەوە.
 
ئەسغەری، شارەزای کەشناسیی پارێزگای کرماشان باس لەوە دەکات کە "ئەگەری زۆرە تەرزە ببارێت. ئەمەش بۆ باخدارەکان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی ئاگادار بن و ئامادەکاریی خۆیان بکەن. بەڵام با هەڵدەکات و تۆز و خۆڵ دەبارێت، شارەکانی وەک قەسری شیرین و گیەڵان لە پارێزگای کرماشان، ئەگەری هەیە خۆڵبارینەکانی عێراق بیانگرێتەوە."
 
ئەو شەپۆلە تەرزەیە سنووری باشماخی مەریوانیشی گرتەوە. شاری کامێران لە پارێزگای سنە. لە رۆژانی رابردوودا لە پارێزگاکانی ئیلام و ورمێش بەهۆی بارینی زۆری بارانەوە لە زۆر شوێن لافاو دروستبوو.
 
لە ورمێ لافاو پردی گوندی خەرەگۆشی برد. لە زۆر شوێنی دیکەش زیان بە ژێرخانەکان گەیشت. کەشناسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی دەکەن، ئەو شەپۆلی بارانە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرماش زیاتر دابەزێت.