لە جۆلەمێرگ بەهۆی رەشەبا 69 ماڵ زیانیان بەرکەوت و کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای جۆلەمێرگ ـی باکووری کوردستان، بەهۆی رەشەبا، دەیان ماڵ زیانیان بەرکەوت و لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە ئەمڕۆ کرایە پشوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای جۆلەمێرگ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025) رەشەبایەک بە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا هەڵیکردووە، بەو هۆیەوە بنمیچی 69 ماڵ زیانیان بەرکەوت و سێ کەسیش بە سووکی بریندار بوون. 
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی تورکیا، رەشەباکە بەردەوام دەبێت و پێویستە هاووڵاتیان رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر.
 
لەلایەکی دیکەوە پارێزگای جۆلەمێرگ لە  سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 10ـی نیسان) لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و شارۆچکەکانی شەمزینا، چەلێ، رووبارۆک و گەڤەر لە قوتابخانەکان دەکرێتە پشوو.
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد)، هۆشداری بۆ 31 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا دەرکردووە، که 19 پارێزگایان لە باکووری کوردستانن.
 
ئاماژەی بەوەداوە، پێویسته هاووڵاتیان ئاگاداری دروستبوونی لافاو و هەورەبرووسکە بن.