گوتەبێژی دەم پارتی: گۆڕینی ناوی پارتەکەمان لە رۆژەڤدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتیی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، گۆڕینی ناوی پارتەکەیان لە رۆژەڤیاندا نییە. دەشڵێت، دەبێت پەرلەمانی تورکیا بۆ هەموارکردنەوەی یاساییانە بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتیی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) شەوی پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026 لەبارەی بابەتەکانی رۆژەڤ بۆ میدیای تورکیا قسەی کرد.
لەبارەی پرسیاری گۆڕینی ناوی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا، شتێکی لەو شێوەیە لە رۆژەڤیاندا نییە و ئێستا کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی پێشتر گوتبووی: "لە راپۆرتی پەرلەماندا دیاری کراوە کە دوای دانانی چەک هەنگاوەکان دەنرێن. دانانی چەک، هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پێکهاتەی رێکخراوی تیرۆریستییە. پەرلەمان نەخشەڕێگەی خۆی روون کردووەتەوە."
ئایشەگول دۆغان، وەڵامی قسەکانی ئاکپارتی دایەوە و گوتی: "ئێمە چووینەتە قۆناخێکی نوێوە، سەرەڕای ئەمەش دەبینین گوتەبێژی ئاکپارتی لەسەر هەمان زمان سوورە. وا قسە دەکات وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت. ئەم شتانە متمانە کەمدەکەنەوە. چونکە هێشتا دەڵێت بۆ چوارچێوەی یاسایی چاوەڕێی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەن، لە کاتێکدا رێکخراوەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڕاستی یان ئاگای لێی نییە یان بە ئەنقەست وا دەڵێت. پێویستە مرۆڤ کەمێک بە جیددی لەم بابەتە نزیک ببێتەوە."
گوتەبێژی دەم پارتی، رەخنەی لە زمانی دەسەڵات لەبارەی پرۆسەکەوە گرت و گوتی: "پێویستە هەموو کەس و دامەزراوەیەک بە بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە و هەنگاوەکان دوولایەنە و پێکەوە بنرێن".
لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.
باخچەلی لە لێدوانێکیدا لە تشرینی یەکەمی 2024دا داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
دوای ئەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 ـدا بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی هاویشت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان دانا.
پەکەکە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ـی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ـەوە لە ناوچەی زاپ ـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد.
ئێستا چاوەکان لەسەر پەرلەمانی تورکیایە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر راپۆرتی هاوبەشی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە پێشنیازی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەخۆدەگرێ و وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ قۆناخی داهاتوو سەیر دەکرێت.