بیرۆكەی نوح "دزرا"
رووداو - هەولێر
نووسەرێكی كوردی تاراوگەنشین دەڵێت تووشی سەرسوڕمان بووە كاتێك بیستوویەتی شاییەكی گەورە بە چواردەوری قەڵا دەكرێت و ئەویش ئاگادار نییە "چونكە دوو ساڵ لەمەوبەر من ئەو پێشنیازەم كرد". نوح ئاتەش دەڵێت پێشنیازی دیكەشی هەبووە و چاوەڕێی وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە.
لە بەهاری 2011، نوح ئاتەش سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، هەرزوو تابلۆ بە توركی نووسراوەكانی نێو فامیلی مۆڵ سەرنجی رادەكێشن، بۆیە نامەیەك بۆ سینان چەلەبی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەنێرێ و داوای لێدەكات ناوی شوێنە بازرگانییەكان لە زمانی توركی دابماڵدرێن و ناوی كوردییان لێبنرێ.
نوح ئاتەش، خەڵكی ئاناتۆلیای ناوەڕاستە، ماوەی 40 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، نوح كە لەگەڵ هاوڕێیەكی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبوو و زۆربەی ناوچە شوێنەواری و گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانی بینیوە، وتارێكی لەبارەی گەشتەكەی لە گۆڤاری (بیرنەبوون) بڵاوكردەوە.
ئاتەش دەڵێت لەو گەشتەدا زۆر شتی بینی كە بۆ ئەو جێی سەرنج و دەستخۆشی بوون، لە هەمانكاتیشدا هەندێك شتی بینیوە كە دڵگرانیان كردووە. ئاتەش رەخنە و پێشنیازەكانی بە نووسین گەیاندوونەتە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت "نامەیەكم نارد بۆ بەڕێز سینان چەلەبی، باسی ناوی دووكان و چێشتخانە و چایخانەكانی نێو فامیلی مۆڵم كرد، كە ناونیشانەكانیان بە توركییە، لیستی خواردن و خواردنەوەكانیشیان تەنیا بە زمانی توركییە". ئاتەش لەو نامەیەدا پێشنیازی كردووە كە لەسەر خاوەنی ئەو شوێنانەدا بسەپێنرێ ناوی شوێنەكانیان بە كوردیش بنووسن، بەڵام هیچ وەڵامێكی وەرنەگرتەوە.
ئاتەش لە گەشتەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان سەردانی قەڵای هەولێر دەكات، لەوێ بیستوویەتی هەڵمەتێك هەیە بۆ ناساندنی قەڵاكە، بۆیە هەر لەوێ پێشنیازێك دەكات "لەوێ باسی پرۆژەیەكم كرد بۆ چەند دۆست و ناسراوێكی خۆم. گوتم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ میللەتێك نییە ئەوەندەی گەلی كورد حەزی لە شایی بێت، مرۆڤ ئەگەر شتێكی وا بكات قەڵای هەولێر و فۆلكلۆری كوردیش دەناسێنێت."
رۆژی 19/3/2013 دانیشتووانی شاری هەولێر بە هەڵپەڕكێیەك ویستیان هەولێر بخەنە نێو كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان كاتێك بە سەدان كوڕ و كچ لە چواردەوری قەڵا كۆبوونەوە بۆ سازكردنی گەورەترین شایی، بەڵام بەهۆی ناڕێكی هەڵپەڕكێیەكە ریكۆردەكە تۆمار نەكرا.
ئاتەش دەڵێت كاتێك گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا ئەو پرۆژەیەی بۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی رەوانە كردووە. لەو پڕۆژەیەدا پێشنیاز دەكات كە بە هەزاران كەس بە جلوبەرگی كوردی شانبەشانی یەكدی لە دەوروپشتی قەڵاكە شایی بكەن و ئەو دیمەنە لە ئاسمانیشەوە وێنەی بگیرێت و نوێنەری كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان داوەت بكرێ، ئاتەش گوتی "دیسان هیچ وەڵامێكیان نەدامێ. دوای چەند مانگێك دووبارە ئەو پرۆژەیەم ناردەوە. بەڵام دیسان هیچ دەنگێك نەبوو".
دواجار لە پێشانگای نێودەوڵەتیی فرانكفۆت بۆ پەرتووك، نوێنەری وەزارەتی گەشتوگوزار و دڵشاد بارزانی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا دەبینێ و باسی پرۆژەكەیان بۆ دەكات "زۆریان پێخۆشبوو، داوایان لێكردم پڕۆژەكەیان بۆ بنێرم، منیش پڕۆژەكەم بۆ وەزارەتی گەشتوگوزار و دڵشاد بارزانیش نارد، بەڵام وەڵامیان نەدامەوە".
كاتێك ئاتەش بینیویەتی خەڵك لە چواردەوری قەڵای هەولێر هەڵدەپەڕن تووشی سەرسوڕمان بووە "وەك ئەوەی من لە پڕۆژەكەدا باسمكرد پەیوەندیان بە گێنسیش كردبوو، بەڵام منیان ئاگادار نەكردەوە".