مەنسوور بارزانی: پێشمەرگە دەنگ دەداتە ئەو لایەنەی بەرگری لە کوردستان کرد
رووداو-هەولێر
دوای ئەوەی مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک لە بنکەیەکی دەنگدان لە رۆژئاوای دیجلە دەنگی دا، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پێشمەرگە ئازادە دەنگ بە کێ دەدات، پێشمەرگە دەنگ دەداتە ئەو لایەنەی بەرگری لە کوردستان کردووە".
فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان، هیواخوازە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان "دوای هەڵبژاردن کاندیدەکانیان بۆ کوردستان کار بکەن، هەموویان لە پەرلەمانی عێراق کار بۆ ئەو مافانە بکەن کە تاوەکو ئێستا بەدەستنەهێنراوە، هاوکات هەموویان یەکدەنگ بن و پیکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەستدرێژی و داگیرکاری لە کوردستان نەکرێت".
مەنسوور بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی"لەگەڵ برایانی پێشمەرگەدام کە ماوەی چوار ساڵە بەرگری لە خاکی کورد و کوردستان دەکەین". هەروەها گوتی: "ئێمە بەرگریمان لە خاکی کوردستان کرد، زۆر لە برایانی ئێمە شەهیدبوون و گیانی خۆیان فیداکرد بۆ ئەوەی سەروەری کورد و کوردستان پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان نەکەونە دەست تیرۆریستانی داعش یان داگیرکەران، ئێستاش داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین رۆژی 12ی ئایار بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بەو کەسانە بدەن کە متمانەیان پێی هەیە و ئازادن لەوەی دەنگ بەکێ دەدەن".
سەبارەت بەوەش تا چەند پێشمەرگە ئازادە لە دەنگدان، مەنسوور بارزانی گوتی: "دەتوانن لە هەموو پێشمەرگەیەک ببپرسن، پێشمەرگە ئازادە لەوەی دەنگ بە هەر کەسێک بدەن، من پێشتریش ئەوەم گوتووە، کە خودا چاوی داوەتە ئێمە بۆ ئەوەی ببینین، ئەقڵیشی داوەتە ئێمە بۆ ئەوەی کاری پێبکەین، ئەو کەسەی بەرگری لە کوردستان کردووە، کێ بووەتە خاوەنی پێشمەرگە، پێشمەرگە دەنگی خۆی دەداتە ئەوان".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان