وەزیری پەروەردە دوای راپۆرتەکەی رووداو: سۆما دەگەڕێنینەوە بۆ خوێندن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سۆما سۆران دەگەڕێننەوە بۆ خوێندن، ئەگەریش لە قوتابخانەی ناحکومی بخوێنێت، تێچووەکەی دەدەن.
ئەمڕۆ 10ی ئایاری 2026 رووداو چیرۆکی سۆما سۆرانی گێڕایەوە، کە بەهۆی رووخانی دیوار بەسەریدا، توانای بیستنی لەدەستداوە، شەوان لەکاتی خەوتندا ناتوانێت چاوەکانی دابخات، زمانە بچکۆلەی نەماوە و رووخساری شێواوە، بەو هۆیەوە لە خوێندن دابڕاوە.
دوای راپۆرتەکەی رووداو، کە نزار جەزا ئامادەی کردبوو؛ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "سۆما دەگەڕێنینەوە بۆ خوێندن، ویستی لە قوتابخانەی حکومەت بێت با لەوێ بێت، ویستیشی لە قوتابخانەی ناحکومی بێت ئێمە تێچووی رۆژانە، مانگانە و ساڵەکەی دەگرینە ئەستۆ و ناهێڵین خوێندنەکەی لەدەست بچێت."
لەبارەی گەڕانەوەی سۆما بۆ خوێندن، سەرهەنگ سۆرانی برای سۆما بە رووداوی گوت، "وەزیری پەروەردە بۆ گەڕانەوەی خوشکەکەم بۆ خوێندن پەیوەندیی پێوە کردین، کاتێک پێی گوت بگەڕێتەوە بۆ خوێندن، زۆر دڵخۆش بوو."
سۆما سۆران، کچێکی تەمەن 14 ساڵانە و دانیشتووی گەڕەکی 120ی سلێمانییە، نزیکەی ساڵێک و 6 مانگ لەمەوبەر، بەهۆی رووخانی دیوارێکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، ئەمڕۆش هەر لە رێگەی رووداوەوە، خێرخوازێک لە هەولێر رایگەیاند، تێچووی سەرجەم نەشتەرگەرییەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
دکتۆر میران مەولوود، پسپۆڕی نەشتەرگەری شەویلگە و روو، دەربارەی دۆخی سۆما بە رووداوی گوت، "سۆما پێویستی بە چەند پشکنینێک و تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ هەیە بۆ ئەوەی پێکەوە نەشتەرگەریی بۆ بکەن تاوەکو لەم دۆخە رزگار بکرێت."
تەنیا کاژێرێک دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی رووداو، حاجی زیرەک سەڵاحەدین، خێرخوازێکی شاری هەولێر، پەیوەندی بە خێزانی سۆماوە کرد و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ گرتنە ئەستۆی سەرجەم تێچووەکانی چارەسەرکردنی.
ئەو خێرخوازە بە رووداوی راگەیاند، "بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی، سۆما هەرچی پێویست بێت بۆی دەکەین. ئامادەین لە هەر نەخۆشخانەیەک بێت چارەسەری بۆ بکەین و لە هەموو قۆناخەکاندا لەگەڵیان دەبین."