لە زاخۆ 10 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەست دەکات بە پرۆسەی تیروپشک بۆ دابەشکردنی 10 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە؛ سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش دەڵێت، پلانیان هەیە زەوی بۆ سەرجەم ئەو 13 هەزار فەرمانبەرە دابین بکەن کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026 گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست دەکەین بە دابەشکردنی 10 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا. هەر فەرمانبەرێک لە هەشت ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت و پێشتر سوودمەند نەبووبێت، مافی وەرگرتنی زەوی هەیە."
"هەر 13 هەزار فەرمانبەرەکە زەوی وەردەگرن"
بەگوتەی گوهدار شێخۆ، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی 13 هەزار فەرمانبەر هەن کە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ حەوت هەزار ناو تەواو بووە و پرۆسەکە بەردەوامە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ دڵنیایی دایە فەرمانبەران و گوتی، "پێش چەند رۆژێک 10 هەزار پارچە زەویمان ئامادە کردووە و کار دەکەین بۆ ئەوانەشی کە ماون؛ بە پشتیوانی خودا بۆ هەر 13 هەزار فەرمانبەرەکە پارچە زەوی دەبێت و هەموویان لە سەنتەری قەزای ناوەندیی زاخۆ زەوییەکانیان وەردەگرن."
سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، گوهدار شێخۆ داوای لە فەرمانبەران کرد سەردانی شارەوانی نەکەن بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت، چونکە شارەوانی خشتەی خۆی هەیە و هەفتەی جارێک یان دوو جار تیروپشکەکان دەکات.
شێخۆ روونیکردەوە، "هەر فەرمانگەیەک دەتوانێت نوێنەرێکی خۆی بنێرێت بۆ شارەوانی. تیروپشکەکە بەشێوەیەکی رێک و پێک، بەبێ جیاوازی و بە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی هەمووان دڵنیابن لە شەفافیەت و دادپەروەریی پرۆسەکە."
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە چوارچێوەی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە مەرجی یاساییان تێدایە و پێشتر لە وەرگرتنی زەوی و خانوو سوودمەند نەبوون.