پارێزگاری هەڵەبجە: نێچیرڤان بارزانی توانی کوردستان بە بارێکی ئەرێنیدا ببات
رووداو-هەولێر
پارێزگاری هەڵەبجە هیواخوازە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی سەرجەم پێکهاتە و دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بێت و دەڵیت، لەکاتی قەیرانەکاندا توانی کوردستان بە بارێکی ئەرێنیدا ببات.
ئازاد تۆفیق لەکاتی بەشداریکردنی لە رووماڵی تایبەتی رادیۆی رووداودا بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "نێچیرڤان بارزانی لە پێنج ساڵی رابردوودا و لەکاتی قەیرانی دارایی، شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بودجەدا هاوشانی قوباد تاڵەبانی توانی قەیرانەکان تێپەڕێنێت و ئاسۆی کوردستان بە بارێکی ئەرێنیدا ببات، چونکە ئەو ئەزموونی لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا هەیە".
ئازاد تۆفیق گوتیشی: "هیوادارین سەرۆکی سەرجەم پێکهاتە و دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بێت، وەکو کورد دەڵێت: مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە. هیوادارین کاپتنێکی لێزانی کەشتییەکەمان بێت بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و مافی چارەی خۆنووسین".
پارێزگاری هەڵەبجە هەروەها گوتی: "پێمانخۆشبوو لەم چوار ساڵەی رابردوودا سەردانی هەڵەبجەی کردبا، بەڵام ئێمە لۆکاڵی بیرناکەینەوە، ئەو سەرۆکی حکومەت بووە و هەڵەبجەش وەکو ناوچەکانی دیکەیە و جیاوازی نییە، هیوادارین لەماوەی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا، هەرچەندە خۆشی هەڵەبجەی خۆشدەوێ، بەڵام سەنگێکی تایبەت بەم پارێزگا نوێیە بدات و دەتوانێ چەترێکی گەورەبێت بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان".