پەرلەمانتارێک بۆ حکومەت: رێگری لە سیحر و جادوو بکەن


رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردەری لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: سیحر و جادوو بوونەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و راستەوخۆ هۆکارێکی تێکدانی شیرازەی خێزانەکانە. دەشڵێت، "بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردەیە، داواکارییان لە سێ وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت".

وەیسی سەعید وەیسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەنابردن بۆ بەکارهێنانی سیحر و جادوو یەکێکە لە دیاردە مەترسیدارەکانی نێو کۆمەڵگە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تێکچوونی شیرازەی خێزان هەیە، بۆیە ئێمە داوامان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکات رێکاری یاسایی تووند بگرێتەبەر و داوامان لە وەزارەتی ئەوقافیش کردووە لە مزگەوتەکانەوە هۆشیاری زیاتری ئایینی بڵاوبکرێتەوە، هەروەها وەزارەتی رۆشنبیریش کە رۆڵی هەبێت لە ئاراستەکردنی میدیا بۆ ئەوەی لایەنە خراپەکانی ئەو دیاردەیە روونتربکرێنەوە و ئەو کەسانەی کاری سیحر و جادوو دەکەن لە کەناڵەکانەوە نیشان نەدرێن".
 
رۆژی پێنجشەمە 8ی تەممووزی 2021، لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بەپێی راگەیێندراوی پەرلەمان باس لە دیاردەی سیحر و جادوو كراوە و ئاماژە بۆ ئەوە کراوە "بووه‌ته‌ دیاردەیه‌كی مەترسیدار لەسەر كۆمەڵگه"‌.
 
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەنابردن بۆ سیحر و جادوو بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەییەکان زیادیکردووە و ئەوانەشی پەنای بۆ دەبەن زیاتر ئافرەتانن، ئەوانەشی ئەو کارانە دەکەن و خۆیان وەکو پیاوی ئایینی دەناسێنن بەشی هەرە زۆریان کەسانی ساختەکارن و بۆ خۆدەوڵەمەندکردن دەیکەن، ئێمە چەندین جار کەسانی لەمشێوەیە دەستگیردەکەین تەنانەت کەلوپەل و ئەو شتانەی بەناوی کەلوپەلی دیکەوە دەیدەن بە خەڵک ساختەکارن بە نموونە ئەندامی مێینەی کەمتیار".
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتیشی ساڵانە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ئەو دیاردەیە خەرجدەکرێت، چونکە بە قسەی ئەو پارەی وەرگیراو لەو مەسەلانە زۆرن، بێ ئەوەی هیچ بڕێک دیاریبکات.
 
هۆگر عەزیز هۆکاری زۆربوونی دیاردەکەی گەڕاندەوە بۆ کەمیی ئەو سزایەی لە یاسای سزادانی عێراق بۆ ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن گەڕاندەوە.