تەرمی موسا باباخانی لە کۆیە بە خاک سپێردرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە کۆیە تەرمی مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک بە خاک سپێردرا کە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە تەرمەکەی لە هۆتێلێک لە هەولێر دۆزایەوە. لە میانی رێوڕەسمەکەشدا سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "تیرۆرکردن و لە بەینبردنی رێبەران و تێکۆشەرانی جوڵانەوەی کوردی ئێران، هەرگیز ئەو جوڵانەوەیە بە چۆکدا ناهێنێت."
خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتەیەکی پێشکەشکرد، لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی ویستی بە بەئامانجکردنی مووسا باباخانی کرماشان بکاتە ئامانج، بەڵام کرماشان شوێنی کار و چالاکیی تێکۆشان و پێکهاتن و هاوئاهەنگی و هاوڕەنگی هەموو ئایینەکان و هۆزەکان وا بە ئاسانی بە چۆکدا نایێت."
خالید عەزیزی، سەرەخۆشی لە خەڵکی کرماشان و بنەماڵەی مووسا باباخانی کرد، ئاماژەی بەوە دا، "کاتێک لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پێشەوا قازی محەممەد لە سێدارە درا، رژێمی پێشوو پێیوابوو جوڵانەوەی کورد لەوێ کۆتایی پێدێت، کاتێک ئینقلاب لە ئێران دەستپێدەکات و حیزبی دیموکرات و لایەنەکانی دیکە دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە، دکتۆر قاسلو و دکتۆر شەڕەف کەندی و دەیان کادیر و رێبەری جوڵانەوەی کوردی ئێران شەهید دەکرێن، دیسان کۆماری ئیسلامی پێیوابووە ئەو جوڵانەوەیە بەچۆکدا دێت، کاتێک دەیان کادیری دیکە تیرۆر دەکرێن، دیسان هەر لەو خەیاڵەدابوونە."
رۆژی شەممە 7ـی ئابی 2021 لە هۆتێل (گوڵی سلێمانی) لە شاری هەولێر تەرمی موسا باباخانی دۆزرایەوە کە ئەوکات حدک رایگەیاندبوو، شوێنەواری ئەشکەنجەی تووند بە جەستەیەوە بووە کە لە کۆنگرەی 17ـی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکە هەڵبژێردراوە.