بزووتنەوەی ئیسلامی: بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، هیچ نووسراوێکیان لەبارەی قەدەخەکردنی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیان پێنەگەیشتووە و دەڵێت، "ئەو قسانە راست نین گوایە تاوەکو 31ـی تەممووز مۆڵەتمان پێدرابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان." ئەوەش ئاشکرادەکات کە بە هاوپەیمانی لەگە حیزبەکانی دیکە و نە بەربژێری سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 10-8-2023، نەوزاد خدر، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی دەنگۆی رێگریکردنی کۆمیسیۆن لە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەهۆی کێشەکانی نێوان هەردوو باڵەکەی بزووتنەوە (باڵی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کە ناتوانین بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەین بە پاساوی ئەوەی گوایە کێشەکان رێگربن، هیچ مۆڵەتێکیشیمان بۆ دیارنەکراوە."
سەبارەت بە بەشداریکردنی بزووتنەوەی ئیسلامیش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە رۆژی 18-12-2023، لە پارێزگاکانی عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، گوتی، "ئێمە پێمانباشبوو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن، بەڵام نەکرا. لیستی ئیسلامیش سەرنەکەوت، بۆیە ئێمە پێمانباشبوو وەکو بزووتنەوە نە لیستی خۆمان هەبێت، نە بەربژێری سەربەخۆش، چونکە یەکەم دەنگمان لەو ناوچانە کەمە، دووەم ویستمان کورد یەکڕیز بێت."
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی دەنگدانی لایەنگرانیشیان بەو هاوپەیمانێتی یان لایەنەی دڵخوازی ئەوان دەبێت، ئەوەی ئاشکراکرد: "ئێمە بە گوڕوتینەوە بەشداریی لە هەڵبژاردن وەکو پڕۆسەی دەنگدان دەکەین و جەماوەر و کادیرانی خۆمان ئاگاداردەکەینەوە دەنگ بە کێ بدەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی شورا دیاری دەکات دەنگ بە کێ و کام هاوپەیمانێتییە بدەن."
رۆژی 05-02-2022 دوانزەیەم کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تەنیا کامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتی بەربژێر کرد بوو. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی نەیتوانی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە و، تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا. دواتر هەرچەندە عیرفان عەبدولعەزیز خۆی بەربژێر نەکردبوو، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە رایان سپارد جارێکی دیکە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی.
رۆژی یەکشەممە، 02-10-2022 ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە، بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن. هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەن"
بڕیارە رۆژی 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە حیزب و لایەنە کوردستانییەکان هیچ لیستێکی یەکگرتوویان بۆ ئەو هەڵبژاردنە نییە، بەڵام هەر چەند حیزبێک و پێکەوە هاوپەیمانێتییەکیان دروستکردووە.