کۆنسووڵی ئەمریکا: هاوکارییەکانمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن


رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە وەزیری پێشمەرگە و دەڵێت، هاوکارییەکانی واشنتن بۆ هێزەکانیان بەردەوام دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزیری پێشمەرگە داوای فراوانکردنی زیاتری ئەو پشتیوانییانە دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا پێشوازی لە ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا کرد کە بەمەبەستی ماڵئاواییکردن و ناساندنی جێگرەوەکەی سەردانی وەزارەتی کردبوو.
 
لە دیدارەکەدا کە لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک ئەفسەری باڵا ئامادەی بوون، ستیڤن بیتنەر کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی راگەیاند و وێندی گرینی وەک کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ناساند.
 
وەزیری پێشمەرگە، رۆڵی ستیڤن بیتنەری بەرز نرخاند و رایگەیاند: "بەڕێز بیتنەر لە ماوەی ئەرکەکەیدا بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانی گەلی کوردستان و بەتایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە بووە. رۆڵێکی باڵا و کاریگەری لە پێشخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەردەوامیی پەیوەندییەکاندا هەبووە."
 
هاوکات، وەزیری پێشمەرگە بەخێرهاتنی وێندی گرینی کرد و هیوای خواست بە هەوڵی ئەو و راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا، "پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر و فراوانتر بکرێت."
 
لەلایەن خۆیەوە، ستیڤن بیتنەر ستایشی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و گوتی: "دڵخۆشبووم لەم ماوەیەدا پێکەوە هەوڵماندا بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی چاکسازی. پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانپەروەرە و پارێزگاری لە ئارامیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەش دەکات."