عومەر فەتاح بۆ(رووداو): باش دەیبەینەوە
رووداو - ئەركان عەلی
عومەر فەتاح، پێشبینی دەكات یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی باش بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێ: "یەكێتی باوەڕی بە تەعەدودییەت هەیە و بڕوای بەوە نییە هەموو كورسییەكان بۆخۆی ببات".
عومەر فەتاح، جێگری پێشووتری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پەراوێزی بەشداریی لە مەراسیمی چلەی ماتەمینیی شێركۆ بێكەس، لە سلێمانی بۆ (رووداو) قسەی كرد. ئەو سەبارەت بە رێژەی دەنگ و ئەنجامەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلول گووتی:" یەكێتی دەنگێكی زۆر بەدەست دێنێ و خەڵك دەنگی پێ دەدات. هەر كەسێك بیباتەوە ئێمە پیرۆزبایی لێدەكەین، بەڵام دڵنیاین لەوەی كە ئێمە دەیبەینەوە".
ئەو كارگێڕەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان (ركابەری سەرەكیی یەكێتی لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان) لە حكومەتی داهاتوودا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و گووتی:"ئێمە لەگەڵ چەپكەگوڵین و حەزمان لێیە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمووانی تێدا بێت. مەبەستیش لە چەپكەگوڵ ئەوەیە كە هەموو ئەوانەی ئەم میللەتەیان پێكهێناوە."
عومەر فەتاح لە كۆتایی لێدوانەكەیدا جەختی لەوە كردەوە، كە یەكێتی دەیباتەوە و دووپاتیكردەوە:"دڵنیا بن دەیبەینەوە، باشیش دەیبەینەوە."
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21-9-2013 بەڕێوەدەچێت. لەم هەڵبژاردنەدا 1129 كاندید ركابەریی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 111 كورسی پەرلەمان. بۆ ئەو مەبەستەش بانگەشەی هەڵبژاردن لە 28-8-2013 دەستیپێكردووە.