وەزارەتی خوێندنی باڵا: کورسى خوێندن لە ژمارەى دەرچووانی 12ـی ئامادەیی زیاترە
رووداو - هەولێر
پرۆسهی وهرگرتنی دهرچووانی پۆلی 12ـی ئامادهیی له زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دهستیپێکرد. وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، کورسى خوێندن لە ژمارەى دەرچووان زیاترە.
لە کاژێر 5:00ی ئەمڕۆ (سێشەممە 10-9-2019) زانكۆلاین بۆ ماوەى10 رۆژ بۆ دەرچووانى 12ی ئامادەیى دهكهوێته كار، واتە تاوەکو کاژێر 12ـی شەوى 20-9-2019.
دهرچووانی 12ی ئامادەیی بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەیەرنەیم و پاسوۆرد) كە پێشتر له قوتابخانەکانیان وهریانگرتووەتهوه، دهتوانن فۆرمی وهرگرتن پڕبكهنهوه.
د. خەتاب ئەحمەد، بەرێوەبەرى گشتیى خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت رایگەیاند، هەر لە ئەمڕۆوە زانکۆ تایبەتەکانیش دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لە خوێندنى تایبەت دابەشبکەن.
پلانی وەرگرتنی ئەمساڵ بەمجۆرەیە:
بۆ خوێندنى گشتى (24،784) کورسى خوێندن تەرخانکراوە.
بۆ خوێندنى پارالێڵ (10،514) کورسى خوێندن تەرخانکراوە.
خوێندنى ئێواران (11،577) کورسى خوێندن تەرخانکراوە.
بەو شێوەیەش لە زانکۆ حکومییەکان (46،875) کورسى خوێندن تەرخانکراون.
بۆ خوێندنى تایبەتیش (23،714) کورسى خوێندن بۆ دەرچووان تەرخانکراوە، بەم شێوەیەش کۆى کورسى خوێندن بە هەردوو جۆرى حکومى و تایبەت (70،589) کورسییە.
سەبارەت بەژمارەى دەرچووانى پۆلی 12ـی ئامادەیى، وەزارەتى پەروەردە ناوى (51،933) بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا رەوانەکردووە؛ کە (36،350) دەرچوى زانستى و (15،583) دەرچوى وێژەیین، بەو شێوەیەش ژمارەى کورسیەکانى خوێندن زیاترە لە ژمارەى دەرچووان.
کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە
وەزارەتى خوێندنى باڵا دەڵێت، هەوڵەکانى بۆ کەمکردنەوەی کرێى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان چڕکردووەتەوە و پلانى کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى هەیە، ئەوەش پاڵپشت بە خاڵى 13لە کارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەنگاوەکان دەستیپێکردووە.
کلیک بکە بۆ کردنەوەی لینکی زانکۆلاین