یەکێتیی ئەورووپا ئەپڵ و گووگڵی بە ملیاران دۆلار سزا دا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی خۆدزینەوە لە پێدانی باج، دادگەی دادوەریی ئەورووپا، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریی یەکێتیی ئەورووپایە، کەیسێکی 10 ساڵەی دادگەی لە دژی گەورەترین کۆمپانیای جیهان، ئەپڵ یەکلاییکردەوە و کۆمپانیای ئەپڵی بە 13 ملیار یۆرۆ سزا دا.
 
یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2016 سکاڵای لەسەر ئەپڵ تۆمارکرد کە لە ئێرلەندا باجی نەداوە و بە نایاسایی سوودمەند بووە لە بەخشینی باج.
 
سەبارەت بە گووگل، یەکێتی ئەورووپا بە هەمان شێواز کەیسی یاسایی 7 ساڵەی یەکلاییکردەوە و بڕیاریدا گووگڵ بە بژاردنی 2.7 ملیار دۆلار سزا بدات.
 
یەکێتی ئەورووپا گووگڵی بەوە تۆمەتبارکردووە لە ریگەی خزمەتگوزاریی کڕینی گووگوڵەوە بواری رکابەری بۆ کۆمپانیا ئەورووپییەکان نەهێشتووە و گووگڵی بەهۆی "قۆرخکاری" سزاداوە.
 
دادگەی گشتیی ئەورووپا، دووەم گەورەترین دەسەڵاتی دادوەریی ئەورووپا لە ساڵی 2017 دا سزای 2.65 ملیار دۆلاری بەسەر کۆمپانیای گوگوڵ سەپاندبوو، بەڵام کۆمپانیای گووگڵ لە دژی بڕیاری دادگەی گشتیی ئەورووپا، لە دادگەی دادوەریی ئەورووپا، داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکەی کردبوو.
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئەیلوول دادگەی دادوەریی ئەورووپی بڕیاری دادگەی گشتیی ئەورووپای پەسند کرد.
 
کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەو بارەیەوە دەڵێت، خزمەتگوزایی کڕینی گووگڵ لەلایەن کۆمپانیاکەوە ساختەکاری تێدا دەکرێت و بە ئەنقەست بەکاربەر بە شێوازێک هاندەدات کە لە بەرامبەر کۆمپانیاکانی دیکەدا، خزمەتگوزاییەکانی گووگڵ بەکاربهێنێت. ئەو بوارە دانانی رێکلامی بە ئەنقەست و ئامانجدار دەگرێتەوە کە وادەکات کڕیار بۆ کڕینی کاڵایەکی تایبەت کە گووگڵ مەبەستیەتی، هانبدرێت.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای گووگوڵ لەو بارەیەوە بێهیوابوونی خۆی لە بەرامبەر بڕیاری دادگەی دادوەری ئەورووپا دەڕبڕی و دەڵێت، " بابەتەکە پەیوەستە بە سکاڵاکەی ساڵی 2017، کەچی ئەوان وەک کۆمپانیای گووگوڵ لەو کاتە بەدواوە گۆڕانکاری زۆریان لە خزمەتگوزارییەکانیان کردووە بۆ ئەوەی هاوتەریب بن لەگەڵ یاساو رێساکانی یەکێتیی ئەورووپا.