خۆپیشاندەران لە قەڵادزێ ئاڵای هەموو حیزبەکان دادەگرن

 رووداو - قەڵادزێ

دوای ئەوەی رۆژی هەینی لە خۆپیشاندانەکانی قەڵادزێ پشێوی روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و ١٨ کەس بریندار بوون، ئەمڕۆش خۆپیشاندان لە قەڵادزێ بەردەوامە.

خۆپیشاندەران لە هەوڵی ئەوەدابوون ئاڵای هەموو حیزبەکان لەسەر بارەگاکان لە قەڵادزێ دابگرن و سەرەتاش لە گۆڕانەوە دەستیان پێکردووە، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە بارەگاکە بەرپرسانەی بارەگاکە خۆیان ئاڵاکەیان داگرتووە.

  یەکێک لەو خۆپیشاندەرانە  کە گرتەیەکی ڤیدیۆیشی بۆ رووداو ناردووە باسی ئەوەی کرد " دوای بارەگای گۆڕان خۆپیشاندەران چوونە بارەگای یەکگرتوو و کۆمەڵ لەوێ ئاڵاکان و لۆگۆکانیان داگرتن".

خۆپیشاندەرەکەی قەڵادزە هەروەها گوتی " ئێستا خۆپیشاندەران چوونەتە نزیک ناوچەی راپەڕین تاوەکو ئاڵای پارتی لەوێ دابگرن و ئەوێش لەلایەن پۆلیسەوە پاسەوانیی دەکرێت".

بەهۆی ئەوەی کەسێک لە خۆپیشاندانەکەی رۆژی رابردووی قەڵادزێ کوژرا، دوای ئەوە راستەوخۆ ئاگر لە بارەگای ناوچەی پارتی لە قەڵادزێ بەردرا و دوو پێشمەرگەی ناوچەی پارتیش برینداربوون.