لە مەڕەش 15 بازرگانی مادەی هۆشبەر خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان لە کۆی 19 کەس کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکران 15 کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای مەڕەش، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە نۆی تشرینی یەکەمی 2025 تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە هۆشبەرەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی مەڕەش، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانیان دژی فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر چەندین ناونیشانی دیاریکراو لە شارەکەدا کرد.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە پۆلیسی هێزی تایبەتیش بەشدارییان تێدا کرد، 19 کەس دەستبەسەرکران کە بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد.
لە کاتی پشکنینی وردی شوێنی نیشتەجێبوونیاندا، دەست بەسەر 487.42 گرام ماددەی هۆشبەری سەنتیتیک و 276 حەپی سەنتیتیکدا گیرا.
دوای رێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، 19 دەستبەسەرکراوەکە رەوانەی دادگە کران، بەبڕیاری دادگە 15ـیان خرانە زیندانەوە و ئەوانی دیکەش بە مەرجی چاودێریی دادی ئازادکران.