ماسیگران نیگەرانن؛ دەریاچەی رەزازە تەنیا 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە
رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی دەریاچەی رەزازە بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران خێزان سەرچاوەی بژێوییان لەدەستبدەن، کە پشتیان بە راوکردنی ماسی و باڵندە دەبەست.
دەریاچەی رەزازە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی کەربەلا و ئەنبار، سەرچاوەی ئاوەکەی، رووباری فوراتە. توانای گلدانەوەی 17 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
رەزازە بە یەکێک لە گەورەترین دەریاچەکانی وڵات دادەنرا، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا ئاستی ئاوەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەمەش زۆرینەی ئەو ماسیگرانەی بژێوییان لەسەر ئەم دەریاچەیە بوو، وازیان لە پیشەکەیان هێناوە.
فازڵ خدر محەممەد، ماسگیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەینەتیی ئێمە لە کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکەدا خۆی دەبینێتەوە،" و گوتیشی: "ئاوەکەمان دەوێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە سوودی لێوەربگرێت، بەمەش هەژار و ماسیگر و ئەوانەشی لە بازاڕدا کار دەکەن، بژێوییان لەسەر دەریاچەکە دەبێت لە سایەی ئەو سامانە ماسییەی کە هەیەتی."
ئەو ماسیگرە پێیوابوو، ئەگەر ئاو بۆ دەریاچەکە بگەڕێتەوە وەک جاران، "دەکرێت لە بواری گەشتیاریشدا سوودی لێوەربگیرێت."
ئەرشەد حەمید کە ماسیفرۆشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاستی ئاوی دەریاچەکە نزیکەی 15 بۆ 20 مەتر بەرز بوو، بەڵام ئێستا زۆر دابەزیوە،" گوتیشی: "بەهۆی کەمئاوییەوە زۆر زەرەرمەند بووین، ژمارەی ماسی کەمبووەتەوە و ماسیگرەکانیش وازیان لە پیشەکەیان هێناوە."
ئەرشەد حەمید داوای لە حکومەت کرد "ئاو بۆ دەریاچەکە دابین بکات، چونکە بژێوی ماسیگر لەسەر بوونی ئاوە،"
بە گوتەی ئەو ماسیگرە، دەریاچەی رەزازە سەرچاوەیەکی گەورەی ماسی بوو، چەندین جۆری تێدابوو، وەک شەبووت، گەتان و بنی.
شێوەی دەریاچەکە لە هەرمێ دەچێت، سەرەکەی لە نزیک دەریاچەی حەبانییەیە لە پارێزگای ئەنبار، بنکە پانەکەشی دەکەوێتە سنووری پارێزگای کەربەلا. پێشتر دەریاچەکە لە هۆری ئەبو دبس پێکهاتبوو کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شارەکە، و بەحری ملح (دەریای خوێ) کە دەکەوێتە باکووری هۆری ئەبو دبس بەرامبەر قەڵای ئەخزەر و قەزای عەین تەمەر.
کەمبوونەوەی ژمارەی باڵندە و ماسییەکان
حەمید عەبد زەید، کە دانیشتووی ناوچەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ماسی و باڵندەکان لە دەریاچەکەدا کەمبووەتەوە، بەهۆی دابەزینی زۆری ئاستی ئاوەکەیەوە." هەروەها گوتی، ئەو ماسیگرانەی کە ماونەتەوە، ئێستا جۆری بچووک و دیاریکراوی ماسی راو دەکەن.
عەبدولئەمیر خەرسان، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای کەربەلا، هۆکاری دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکەی گەڕاندەوە بۆ دروستکردنی بەنداوەکان لەسەر رووباری فورات لەلایەن تورکیا و سووریاوە.
خەرسان بە رووداوی گوت: "ئێستا ئاستی ئاوی دەریاچەکە 20 مەتر لە سەرووی ئاستی دەریاوەیە، بڕی ئاوی ناو دەریاچەکەش نزیکەی 300 ملیۆن مەتر سێجایە. لە کاتێکدا پێش 30 ساڵ، ئاستی ئاوی دەریاچەکە دەگەیشتە زیاتر لە 38 مەتر لە سەرووی ئاستی دەریاوە، قووڵیی دەریاچەکەش نزیکەی 18 مەتر بوو، ئاوی گلدراوەی ناوی دەگەیشتە 17 ملیار مەتر سێجا."