سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان: مەترسیی هەیە خوێندنی ئەم ساڵ لە سلێمانی و هەڵەبجە بفەوتێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی خولیی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر وەرزی یەکەم لەو پارێزگایانەی بایکۆتی خوێندنیان تێدایە، نەخوێندرێت، ئەوا مەترسی فەوتانی ئەم ساڵی خوێندنیان هەیە، دەشڵێت: "ئەگەر تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی داهاتوو کە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات خوێندن دەستپێنەکاتەوە، لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەرورردەش نامێنێت ئەم ساڵی خوێندن هەژماربکرێت."
 
13ی ئەم مانگە، دوو مانگ بەسەر دەستپێکردنی وەزری ئەم ساڵی خوێندن تێدەپەڕێت، بەڵام مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی رانیە و گەرمیان بایکۆتی دەوامیان کردووە. 
 
رۆژی هەینی، 9-11-2023، عەبدولواحید محەممەد، سەرۆكی خولیی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەوڵێک لە هەموو لایەنەکانەوە هەیە، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێبکاتەوە، ئومێد دەکەین بە هەموومانەوە بتوانین سەریبخەین، چونکە راوەستانی پرۆسەی خوێندن زیانێکی گەورەی هەیە و مەترسیدارە."
 
عەبدولواحید محەممەد رەتیکردەوە کە لەلایەن رێکخراوی یونسێف یان رێکخراوەکانی دیکە، سەقفێکی زەمەنی دانرابێت بۆ هەژمارنەکردنی خوێندنی ئەم ساڵ لە سنووری ئەو ناوچانەی بایکۆتیان تێدایە و گوتی: "ئەو رێکخراوانە تەنیا راوێژ دەدەن و دەستوەردان لە پرۆسەی خوێندن ناکەن، بەڵام ئەوەی هەیە لە هەرێمی کوردستان ئەو رێنمایی و یاسا بەرکارانەیە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەنێویاندا یاسای وەزارەتی پەروەردە."
 
لە سنووری پارێزگەی سلێمانی نزیکەی 65 بۆ 70 هەزار مامۆستا دەوام ناکەن و بایکۆتیان کردووە، مامۆستایانی میلاک داوای مووچە دواکەوتووەکانیان دەکەن، هەرچی مامۆستایانی وانەبێژن، داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
 
سەرۆكی خولیی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هۆشداری دا لە درێژەکێشانی بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە و گوتی: "ئەگەر خوێندنی وەرزی یەکەمی ئەم ساڵ نەکرێت، تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمیش ناکرێت کە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتووە، ئیدی مەترسی هەژمارنەکردنی ئەم ساڵی خوێندنی ئەو ناوچانە دروستدەبێت و ئەگەر ئەوە روویدا ئەو کات لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەش نامێنێت و دەبێت داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت چارەسەرێک بۆ ئەم ساڵی خوێندن بدۆزرێتەوە."
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40٪ـی کۆی قوتابیان، تائێستا دەوامیان نەکردووە.
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی مامۆستایان باسی لەوەکرد، لە هەندێک لە قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەوامی پۆلی شەش دەکرێت، بەڵام بە رێکی نییە، گوتیشی: " پچڕپچڕی لە خوێندن لەگەڵ راوەستانی خوێندن جیاوازی نییە."
 
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی 2023-2024ـی وەزارەتی پەروەردە، پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی 13-9-2023 دەستپێدەکات و لە رۆژی 3 تاوەکو 15ـی مانگی کانوونی دووەمی 2024، تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم بەڕێوەدەچێت، بەپێی ساڵنامەکە تاوەکو ئێستا لەکۆی 15 هەفتەی خوێندن 10 هەفتەی رۆیشتووە.