دەزگای روانگە: ئامادەین بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی لێقەوماوانی لافاوەکە بکەین
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە ئامادەیی خۆی بۆ گەیاندنی هاوکاریی فریاگوزاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و سنووری گەرمیان دەربڕی و دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە لە پەیوەندیدان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان.
دەزگای روانگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی و زیانی ماددی بۆ ژمارەیەکی زۆر خێزان، ئەوان لە پەیوەندیدان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها دەزگاکە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی (JCC) لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەسەر هێڵە و "ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی دەربڕیوە بۆ بەدەمەوەچوونی لێقەوماوان، بەپێی توانای دەزگاکە و ئەو ئەرکانەی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆیان دیاری دەکرێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، دەزگای روانگە پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.
بەهۆی لافاوەکەی رۆژی سێشەممەوە، لە چەمچەماڵ دوو کەس و لە گوندێکی سنووری لەیلان منداڵێک گیانیان لەدەستدا.