چەند خوێندکارێکی زانکۆی سەلاحەددین: شوێن نییە تێیدا بخەوین


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە خوێندکارانی شەهید شەوکەت لە هەولێر گردبوونەوە و رایانگەیاند، ژووریان نەماوە و جێگەیان نییە لە بەشە ناوخۆییەکان، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سەلاحەددینیش دەڵێت، "راست ناکەن و شوێنمان هەیە". 
 
بەشەناوخۆییەکە تایبەتە بە خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەددین. خوێندکارێک لە گردبوونەوەکەدا بەشداربوو، بە رووداوی گوت لە خەلیفانەوە هاتووە و ئەمڕۆ چووە داوای بەشەناوخۆیی بکات، بەڵام پێیان گوتوو، شوێن نییە و "دەبێت خۆتان چارەسەرێکی دۆخی خۆتان بکەن".
 
ئەو خوێندکارانە باسیان لەوە کرد، ژوورەکان بچووکن و جێگەی بۆ دوو کەس جێگەکەیان تەنگە، بەڵام ئەوان داوا دەکەن، سێ کەس لە ژوورێکدا بن.
 
فەخرەدین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سەلاحەددین بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە 6-12ـەوە بڵاومانکردەوە کە دەست بە دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان کردووە. ئەوکات گوتمان لە 6 تاوەکو 15ـی مانگ فۆڕم پڕبکەنەوە، دواتر کاتەکەمان تاوەکو 25ـی مانگ درێژکردەوە، بەڵام ئەو قوتابیانە نەهاتن و بەو ژوورانە رازی نین.
 
بە گوتەی فەخرەدین عەبدوڵڵا، بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت پڕنەبووەتەوە، "ئەو خوێندکارانە داوای باڵەخانە دەکەن لە دەرەوەی بەشەناوخۆیی، ئەو باڵەخانانەش لە دەرەوەی چاودێریی ئێمەن بۆیە ناتوانین. هاوکات خەرجییەکی زیاتریشە لەسەر حکومەت".  
 
یەکێک لە خوێندکارەکان بە رووداوی گوت، لەسەر شەقام و لەنێو ئۆتۆمبێل دەمێنێتەوە، فەخرەدین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سەلاحەددین رایگەیاند، "راست ناکەن و ئەو کەسانە لە ژوورەکانی خۆیان خەوتوون". 
 
بەشێک لە کێشەی ئەو خوێندکارانە بە گوتەی فەخرەدین عەبدوڵڵا، ئەوەیە کە بە ژوورێک رازی نابن کەسی دیکەی تێدابێت.